ئەم سەربانە، وڵاتی بە بێ پەنجەرە و زەمینی بەبێ سنوورە
ئەوەتانێ هەموو ڕۆژێک پێش ئێواران، پەیژەکەمان بانگماندەکات
تا چەند مەترێک لە ئاسمان نزیکبینەوە.
کەچی خوشکم ، کە نازانم چاوانی لە دوای چی وێڵە
بە خۆیی و نانی دەستییەوە، خەریکە لەسەر پەیژەکە بەربێتەوە.
لە باڵەخانەکەی ئەوبەرەوە، باجی خەجیج دەڵێ: یا غەوز.
ساحێبخانووەکەمان دەڵێ: کچێ کوێر بی! گڵت بە گوێسوانەکەوە نەهێشت.
من دوو کاڵەک لە چیغەکەی خۆمانەوە، بۆ چیغی ڕیزە سەربانی ئەو لا دەبەم
لەوسەرەوە، قاشێک شووتی، زۆر گەورەتر لە دەستێکم، بە دەستەوە.
دایکم سفرە ڕادەخات و بانگێ لە کاک برایم دەکات: هەرچی خوا داویەتی بیخۆ!
ئازادیش دێ: دیسانەوە ساوەرمان بوو.
دایکم دەدا بەسەر سنگیا: ڕەبی شەیتان، ملت شکێ
ئەو مجێورە بەستەزمانەمان لەبیر چوو
لەبەر دەرکی مزگەوتەوە، من بە فڕکانێ دێمەوە.
بۆنی میوە، بۆنی خواردن، ڕەنگی ئاسمان
نیگای دایکم، گەرمی نانی وەستا غەفوور کە بە ڕانما تنۆک تنۆک دەچێتەخوار
باوکم دەڵێ: بەخوا هەر ئەومان نوقسانە.
دەستێکدەبا و بە پەنجەیەک مەوجی رادیۆکە با دەدا
هەوا پڕدەبێ لە شیعر و
چیغی ئێمە، باڵەخانەکەی بەرانبەر، هەموو سەربان
دەبێ بە “هەوارگەی دڵان.”
14ی تەمووزی 2003