سیاسەت

 

 

لە خەولێنەکەوتنی باوکمدا، دەستڕێژێکی نیوە شەوە.

نیگای گوێسوانەی ماڵەکەمان لە زەوی دەچەقێنێت و

چکێک سەیری ئاسمان کردن، دەکاتە خەونی هەمیشەی.

بە دوای کوڕان و کچانی قوتابخانەکانەوەیە و

سەدان کۆڵانیان پێدەکات تا نامەیەک بەیەک دەدەن.

لە ڕەشەبای سلێمانیدا 

یانی خەوزڕانی نایلۆنی پەنجەرەکانمان.

یانی پڕبوونی گەرووی قاپ و قاچاغی ماڵەکانمان لە تۆز.

لە زۆربوونی پاسی پۆلۆنی ڕێگای شێخ محی الدیندا دەستی هەیە.

لەسەر سێ قاچ ڕاوەستانی مێزەکانی قوتابخانەدا، قاچی هەیە.

لەبەرز بوونی منارەی مزگەوتەکان و

لە کەمی ڕووبەری شانۆکاندا نەخشەی هەیە.

لە کۆبوونەوەی هەموو بناری هەورامان، بە شاری هە‌له‌بجەیشەوە

لەبەردەرگای چایخانەیەک لە شەقامی ئەسحابەسپی، کورسی هەیە.

دەستدەنێتە سەر دەمی ژنانی گەڕەک لە کاتی پێکەنینیاندا

تاکو دانیان دەرنەکەوێ.

زوڵفلادانی کچەکانمان لەسەر شەقام دەکاتە سڵاو.

خۆشەویستی دەکا بە گان.

دێتە سەر ڕێگای قەسیدە و خالی پشکنین دادەنێ.

بە پەنجەیەک هەندێ وشەی تیا دادەگرێ و

هەندێ جاریش دەبێتە ڕێبینی قەڵەم، دەستی دێڕ و ڕستەدەگرێ.

لە تابلۆکاندا دەبێتە نێوان سنووری ڕەنگەکان، یان بە گۆڕستانی فڵچە.

لەگەڵمانا دادەنیشێ، نوکتە دەکا.

بە بزەمان پێدەکەنێ

فرمێسک دێنێ، شادی دێنێ.

وەکو ئێمە لەسەر تەختەی نەشتەرگەری ڕادەکێشرێ و

نەشتەرگەری لووت و چاو و دەمی دەکرێ.

ئەو تەنها خۆی وشەیەکە و

 فەرهەنگێکیش.

ئەو تەنها دەموچاوێکە 

کەچی لەژێر ڕەنگی هەزار  ماسکدا، دەردەکەوێ.

 

 

 

27ی سێپتێمبەری 1997

 

 
 

 
 
  
 

Check Also

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو نووسینی: نزار القبانی وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد کلیکی ئێرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *