کە دێمە ژوور، دەمبەیتە بەر ئەو تابلۆیەی پڕە لە وێنەی باڵندە.
ئەوان لە کاتی فڕیندا، لە کاتی دانخواردنیاندا، لە کاتی جووتگرتنیاندا
لە ئاسمانا، لەسەر زەوی، لە کۆچیاندا.
لێمدەپرسیت: کامەیانت لا زۆر جوانە؟
من دەستدەبەم بۆ ئەو وێنەی پڕە لە بال
پڕ فڕینە و ئاسمانیش بە باڵیان تەسکە.
تۆ دەڵێی: وایە زۆر ڕاستە، بەڵام ئاخر لەوەش جوانتر؟
دەستدەنێمە سەر یەکێ تر
پڕە لە دەنووکی ورد و لە گۆرانی جیهانداگر.
تۆ هەر دەڵێی: بەڵام ئاخر لەوەش جوانتر.
دەزانی گەر ساتێکی دیش بەرانبەر تابلۆ ڕاوەستم
چاوم ناچێتە سەر وێنەی:”بەڵام ئاخر لەوەش جوانتر”
نیگاکانت لەمن دەبڕی، دەستدەخەیتە سەر وێنەیەک
تەنها دەستی ئینسانێکە و
چۆلەکەیەک لەسەر پەنجەی هەڵنیشتووە.
لە وێنەکە ڕادەمێنم
باڵندەیەک، لەو ڕۆژەوەی چاوەکانم کردوونەوە
لە ناو حەوشەو
لە داڵان و
لە گوێسوانە و
لە سەربانا
من ڕووخساری ئەوم دیوە
بەڵام ئاخر چی وای لێکرد، لە گشت باڵندەی ناو تابلۆ زۆر جوانتر بێ؟
من لە خەیاڵی ڕەنگیاندام، لە ڕووبەری باڵی فڕین و دەنگیاندام.
لەم کاتەدا، چاوت دەبڕیتە ناو چاوم.
نیگات دەستی فریادڕەسە و
بۆ منی نوقمی ناو دەریای پرسیاری تۆ درێژ بووە.
بە گوێچکەمدا دەچرپێنی: ئاخر لێرە دەستێک هەیە.
دەستت دەگرم.
لە باوەشما نووقمدەبیت.
گیان دەگەڕێتە ناو تابلۆ
گەرووی هەموو باڵندەکان پڕ لە خوێندن
باڵەکانیان پڕ دەبێت لە شەوقی فڕین.
هێشتا لە باوەشی یەکداین
پەنجەرەکە دەجوڵێت و
تەنهایت ژوور بەجێدێڵێێ.
هێشتا لە باوەشی یەکداین
ژوور پڕدەبێ لە پۆلە مەل، لە ڕەنگ، لە دەنگ
من و تۆیش لە چەقی ژووردا، لە ناو یەکدا نوقمدەبین.
23ی ئابی 1999