تۆ لە دوشەکە دێیتە دەر
بەڕووتی لەبەر ئاوێنەی ماڵەکەدا ڕادەوەستی.
من بۆ لای خۆم کێشتدەکەم.
تۆ بە پرچ و
بە جەستەی تەڕ و لووسەوە
بەسەرما هاوارێک دەکەیت:
“هیچ کات و ساتت لانییە!”
ئەو کاتە زمانم گیرا.
ئاخر شەپۆلی ناو شووشەی ئاوێنەکە
ڕوخساری تۆی لێمدەگۆڕی
وێنەی ناو شووشەی ئاوێنەی “شێت بوو” لە کوێ و
وێنەی ئەوەی کە هەر خۆتی.
ببورە ئەوسا نەمزانی وات پێبڵێم.
لەسەر چرپاکە ڕادەکشێیت.
کتێبێکت بەدەستەوە و
بەناو جۆکەلەی وشەدا، بە کراسی کورتی بەرتەوە
بە پێی پەتی دێیت و دەچی.
پاش ماوەیەک سەرنجدەدەم
کتێبەکەی سەر ڕوخسارت دەموچاوت داگیردەکا.
من دێمە لات
بە هێواشی، کتێبەکە لەسەر چاوانت لادەبەم
“بۆ پرس ناکەی!
من لەناو خەونی وشەدام، بۆ دێیت و بێدارم دەکەی”
ئەو کاتە زمانم گیرا.
من دەترسام
نەبا جۆگەلەی ڕستەیەک بە چاوەکانتا بڕژێت و
لە خەوی قوڵ بێدارت کا.
ببورە ئەوسا نەمزانی وات پێبڵێم.
هەر تۆی گوڵەکان ئاودەدەی.
پاش چەند ڕۆژێکی دوای سەفەر کە دێیتەوە
دوو گوڵی زەردی ناو باخچەی ئینجانەکان
چاوانت بۆ خۆیان دەبەن.
تۆ پێمدەڵێی:
“دواین وشەی کە پێم وتی، بەر لەوەی ئێرە جێبێڵم، گوڵەکان بوون”
ئەو کاتە زمانم گیرا.
من لە ماڵێکدا گەورە بووم
“ئەگەر پەیژەیشت بۆ هەتاو دابنایە”
نەیدەتوانی بێتە حەوشە.
ئیتر گوڵ چۆنی بتوانێ، بەبێ هەتاو هەناسە با!
ببورە ئەوسا نەمزانی وات پێبڵێم.
تۆ دێیتە ماڵ.
بە تەنهایت و
لە پشتیشتەوە بێکاری بە پێ دزکێ دەخزێتە ژوور.
دەستم لەسەر دەسکی دەرگا و کلیلێکیش بەدەستەوە
بەرلەوەی کە من بێمە ژوور
بێکاریم پێش خۆم دەکەوآ و ئەو دێتە ژوور.
لەناو ژمارەی کرێی ماڵ، تەلەفۆن و ئاو ناندا
دەنگەدەنگێک، لە نێوانماندا دێ و دەچآ.
ئەو کاتە زمانم گیرا.
نەمن سێبەرەکەی دوای تۆ و
نە تۆش سێبەرەکەی منت دەخوێندەوە.
ببورە ئەوسا نەمزانی وات پێبڵێم.
کراسێکی ڕەشی وەک پرچەکانی خۆت لەبەردایە.
کراسێکی ڕەشتر لە قژی من دەکڕی.
بەبەردەمما وەک پەپوولە سەما دەکەی.
” بۆ دەنگ ناکەی”
بە تیلەی چاو بانگمدەکەی.
“ئاخر ڕەنگی دیکە زۆرن”
لەناو سەماکەت دێیتە دەر،
لە شوێنی خۆت ڕادەوەستی:”بۆ هەر زەوقی خۆت فەرزدەکەی”
ئەو کاتە زمانم گیرا.
باڵای عەقڵ و باڵای زەوقم، ئاخر هێندە هەڵکشاو بوو.
ببورە ئەوسا نەمزانی وات پێبڵێم.
12فبرایەری 2000