سەگی ماڵی دراوسێکەم
زۆر دەمێکە، وەڕینی لەبیرچۆتەوە.
کەناری هاوڕێیەکم
باڵەکانی بۆ هەموو شتێک بەکاردێنێ، فڕین نەبێ.
ماسی حەوزی ئاشنایەکم
نەشەپۆل دەناسێتەوە
نە دەشزانێ دەریا هەیە لە حەوزەکەی ئەو بەرینتر.
هاوسێکەم و هاوڕێکەم و ئاشناکەشم
لە ڕۆشتن و بەرگپۆشین و خەوبینین و
تا لە خەونەکانیشیاندا
سێ جیهانی لەیەک دوورن
ئەگەرچی هەر سێ پێکەوەش ، جیهانێکن.
بۆ هاوسێکەم، سەگ و مناڵ وەکو یەک وان.
مەستترین ساتی هاوڕێکەم، نوقوومبوونە لە ناو گۆرانی زینداندا.
ئاشناکەشم، ئەگەرچی ماسی خۆشدەوێ، بەڵام لە دەریا دەترسێ.
ئازاری 1999