.
ئیلهامی ئەم شیعرە، گۆرانییەکی “میکل ڤیێی” گۆرانیبێژی سویدە.
سەوزەفرۆشەکانی کۆڵان دەیناسین.
ئەو ژنانەیشی لە شاییدا فەقیانەکانیانمان بەیەکەوە گرێدەدان.
ئەو ئەفەندییانەیشی بەناوی پیاسەوە
لەگەڵ کچانی گەڕەکدا دڵدارییان دەکرد و
ئێمەش ڕێمان پێدەگرتن.
پێنج ناو بووین.
بن عەموودی سەر کۆڵانێک، ئێواران دەیگرتینە خۆ.
پێنج دەنگ بووین.
یەکێکمان لە کوردایەتی بەولاوە، چیرۆکێکی دیکەی نەبوو بیڵێت.
دووەممان، پڕ بوو لە شیعر.
سێیەممان، هەمیشە بە خۆیی و گیتارێکەوە.
چوارەممان، لە کتێبەکانی نوسی بوو: ماڵێک گەورە، پارەیەک مۆڵ، سەیارەیەک، ژنێکی جوان.
پێنجەمیشیان خۆم بووم، پڕ لە نوکتە، پڕ لە شەرم.
دوای مەکتەبیش، ئەرخەوانێک لەسەر قەبران لە خۆی کۆدەکردینەوە.
لە پاش خوێندنەوەی کێلەکان،
پاش تووڕدانی بەردی ئەو مەلا کوێرانەی
دوای خوێندنی فاتیحایەک لەسەر گۆڕ بەجێیاندەهێشت
گیتارێک و پێنج دەنگ و پێنجی خەونی جیاواز
سەرقەبرانمان دەکرد بە ماڵێک بۆ ژیان.
ئێستا گەورەین.
یەکەممان بووەتە ئەفسەری ئاسایش.
دووهەممان، دیواری زیندانێک بووە لاپەڕەی یەکەم شیعری.
سێیەممان ڕۆژنامە نووسە، ڕێپۆڕتاژی سەرۆک نەبێ، ڕاپۆڕتێکی دیکەی نییە.
چوارەممان، لە پیاوی ناو دۆلار دەچێت و بە زمانی دۆلار دەپەیڤێ.
منیش لێرە و لەم دوورەوە، بۆ ڕۆژانی پێکەوەیی زەمانێکم
شیعرێک دەڵێ بمنووسەوە.
بەڵام دەترسم بە تەنها
جگە لە هاوڕێی کوژراوم
کە لە خەونیا دەکرێ سەرنجێکی باتێ
ئەوانی دی
کەسیان دەرفەتێکیان نەبێ، بیخوێننەوە.
4 ئۆکتۆبەری 2003