جگە لە شەوانی شەممان
هەموو ئێوارانێک دوای دە
ئەو کاتانەی،من و بێکاری و شیعرێکم
هەرسێ پێکەوە دانیشتووین
گڵۆپی ناو ژووری دراوسێی ئەوبەرم
سەرهەڵدەبڕێ و
بە ڕووناکی ناو ماڵەکەمدا دەڕوانێ.
لە شەوانی شەممانیشدا
خاوەن مال و
چەند بتڵێک و کیژۆڵەیەک
لەو بەرەوە دەیکەن بە جەژنی جەژنەکان.
ئەو بەدەنگی ناسازی خۆی، لە بالکۆنەکەی خۆیەوە
هاواردەکا و ستران دەچڕێ.
پیرەمێردەکەی دراوسێم، زەنگی دەرگای من لێدەدا و
داوادەکا: زەنگێ بۆ پۆلیس لێ بدەم، تا ئەو بەرازە بێدەنگ بێ !
من پێیدەڵێم: لە حەوت شەودا، ئەو بەتەنها شەوێک شادە
وازی لێبێنە با بچڕێ!
ئەو دەچێتە ماڵەکەی خۆی.
منیش دەچمە ژوورەکەی خۆم.
دراوسێکەی بەرانبەریش
لە ناو بیرە و بۆنی ماچ و
گڵۆپی دڵشادی شەودا، نوقم دەبێ.
18.5.1998