بەکر ئەحمەد
من دایکی خۆم هیچ خۆش ناوێ
نا من ئەوم هیچ خۆشناوێت.
ئەو بۆ من
تەنها سیاچەمانەیەکی ئێوارانەی باوکم بوو بۆی دەوتین.
ئەو وێنەیەکی چرچ و لۆچی ناو دەفتەری قوتابخانەم بوو.
وێنەیەک کە تیایدا
دایکم لەسەر چرپای خەستەخانە ڕاکشاوە و
کەمێک پرچ و چاوی چەپی بەدەرەوەن.
ئاخر خوشکم لە بەردەمیا دانیشتووە و هەموو جەستەی داپۆشیوە.
من دایکی خۆم هیچ خۆش ناوێ.
ئەوەتانێ گەورەبووم و هەتا ئێستاش
چاوی چەپی ناو وێنەکەی
بۆ ساتێک ئازادم ناکات.
نا؛ من ئەوم هیچ خۆش ناوێ.
ئاخر ئەو کچانەی خۆشمویستن
هەر هەموویان، بەر لە ساتی دەست لێکبەردان
هەمان شتیان بەمن دەوت:”تۆ ئەو کاتەی بە سۆزەوە، لە سەر سینەم ئارامدەگری
هەستدەکەم سینەی من بۆ تۆ
سینەی دایکە، نەک هی ئاشق.
باوەشی دایکت جێ بێڵە و ئەوسا وەرە باوەشی من”
ئای لە چاوی چەپی دایکی ناو وێنەیەک
چی بە من کرد؟
نا من دایکی خۆم خۆش ناوێ.
10ى مارسی 2002