ئەو ئینسانەی هەمیشە لە پێشەوە بوو،
کەچی کاتێک لەبەرخۆردا ڕادەوەستاین، سێبەرەکانی هەموومان بەقەد یەک بوون.
خەو نەما نەیبینین، گۆرانی نەما نەیچڕین، ڕێگا نەما پیایا نەڕۆین، نیشتیمان نەما بۆی نەجەنگین،
خوا نەما کڕنووشی بۆ نەبەین، تفەنگ نەما نەیگرینە دەست، ئاوێنە نەما سەیری خۆمانی تیا نەکەین ڕەنگ نەما نەیکەین بە پەرچەم، ماڵ نەما سەری پیا نەکەین، باوک نەما لە پشتییەوە نەڕۆین.
بەڵام نەوەک لەو ڕۆژەوەی کە تۆ هاتی.
چەند لە مێژە ئێمە ونبووین؟
چۆن ڕێی گەڕانەوەی ماڵمان لێ بزر بوو؟
مەگەر تەنها باوکم بزانێ
بە شوێن پێی کێدا نەڕۆشتین؟
هەر کەسێک هات و وتی: سەبەتەکانتان هەڵگرن و وەرن
خەون و گۆرانی و سێو بارکەن!
هێندەی باوکم لە بیری بێ
سەبەتەکەی لە خەونی گۆرانی و سێو و خودی خەونا
چاوەڕوانی ڕۆژ و مانگ و ساڵی کێشا
تا کردی بە سەبەتەی خۆڵ.
درەنگ هاتی
کە تۆ گەیشتی، سەردەمێک بوو مارکس
بە جامانەوە برابووە شاخ .
کرا بوو بە خوێندکارێک و لەگەڵ کوڕانی زانکۆدا
لە چایخانەکاندا دادەنیشت.
کە دەپەیڤی، وتەکانی پڕ بوون لە خوا.
گەریلایەک بوو لە جەنگەڵدا.
کە تۆ گەیشتی مارکس دەمێک بوو
ڕێی نەدەکەوتە مەیدانی کرێکارەکانی شار .
وشەکانی توانای بەرزکردنەەی بەرگی کتێبێکیان نەمابوو.
مارکس گەڕیدەیەکی ناو دێ بوو
لە کێڵگەکاندا دەبینرا، لە گەڕەکەکانی سەرووی شاردا
لە باخچەکاندا
دەچووە کۆڕی شاعیران و
گفت و گۆی سەر مێزی ئارەق.
ئێمە چەند وەختێک بوو ونبووین؟
کاتێک هاتی، لە ژێرزمینێکی شاردا
بڕیاری گەڕانێکی دیکە و
سەفەرێکی بێ ئاسۆمان خستبووە ناو کۆڕی شەوەوە.
کە هاتییە ژوور، هەموومانت ناسییەوە، مارکس نەبێ.
چ بیچدەنگییەک کەوتە نێوان گوێمانەوە؟
دەم و چاومان لەژێر شەوقی چەخماخەی ئەم شەوە تەڕەدا
چۆن درێژ دەهاتە پێش چاو؟
کاتێک تۆ و مارکس چوونەدەر
ئاسمان دەریای سەرە و لێژ بوو.
لە هەور بپرسن، چ گوللە بارانێک بوو ئەو شەوە؟
بە ڕووتی لەبەر باراندا ساتێک پێکەوە ڕاوەستان
کە هاتنە ژوور، چەخماخەیەکی دی لێیدا
بەر لەوەی هەور گرمەی بێت
وتت: وەختیەتی با بڕۆین.
کە تۆ هاتی
خوا ئیتر دەنگە فریاد ڕەسەکەی ناو نوێژەکانی دایکم نەبوو
کە لەسەر بەرماڵ دەستی دوعای بۆ هەڵدەبڕی.
خوا ئیتر، وێنەیەکی بێ دەموچاوی کونجی مزگەوتەکان نەبوو
پیرەمێردەکانی گەڕەکمان بۆی دەگەڕان.
ئومێدی ناو گوللەبەندی سەربازەکانی جەنگ نەبوو
کە لەگەڵ مەتارەی ئاوەکانیاندا لەگەڵ خۆیان هەڵیاندەگرت.
خوا ترسی تۆفانێک نەبوو، جوتیارەکانی لەناو کێڵگەکاندا دەخستە سەرچۆک
کە تۆ هاتی
خوا پەیمانی خۆی شکاند و
بڕیاری دا چیدی “لم یلد، ولم یولد ولم یکن لە کفوا احد” نەبێ.
بڕیاری دا، هەم کوڕی هەبێ و هەم کچیش
هەم ژنی هەبێ و ئامۆزاش
هەم ماڵی هەبێ و هەم دوکان
بڕیاری دا حیزبی هەبێ، بە کۆمیتەی شار و دێوە
ڕۆژنامەی هەبێ و مقەستیش
بڕیاری دا شیعری هەبێ
دەفی هەبێ، میکرۆفۆن و شەجەریانی قوڕگی هەبێ.
لەو دیو پەنجەرەی ژوورەکەتەوە دانیشتوویت و
قەڵەمەکەت هەموو پەنجەرەکانی شار لە ناو خۆیدا دەکاتەوە.
پەنجەرەیەک بەسەر زیندانی گەورەدا، کاتێک نە دیواری هەیە
نە پەت نە کورسی و نە جەلاد.
پەنجەرەیەک بەسەر ویستگای شەمەندەفەرەکاندا
تیایدا فارگۆنی نانەوا و دوکتۆر و سەوزەفرۆشەکان، یەک فارگۆنە.
پەنجەرەیەک بەسەر شیعرا
کاتێک ئینسان تیایدا شەپۆل دەدات نەک ئینسانێک.
پەنجەرەیەک بەسەر سنووری نێوانی دوو وڵاتدا
کاتێک نەتەوە و تفەنگ و سەربازەکان بە ڕووتی لەیەک دەڕوانن و
دەڵێن: ئەها لەیەکدەچین!
پەنجەرەیەک بەسەر خودی پەنجەرەدا
کە تیایدا گەردوون لەناویا جێی بۆتەوە نەک تەنها دوو مەترە ئاسمان.
تۆ لە ئاییندەوە هاتیت و بەرلەوەی باسی ئەوێ بکەیت
ئێمەت بردە کۆڵانەکانی ڕابردوو.
لەبەردەمی ئەو ماڵانەدا ڕاتگرتین
ناوی ئێمە بەسەردەرگاکانیەوە هەڵکۆڵراوە و کەسانی دی تیا نیشتەجێن.
لەبەردەم ئەو تابلۆیانەدا ڕاتگرتین
ئیمزای ئێمەی لێدراوە و کەسانی تر کێشاویانە.
ئای لەو ڕۆژەی چووینە سەردانی گۆڕستان
چۆن ناو و ساڵی لەدایکبوون و ڕۆژی مەرگی ڕاکشاوی
ناو گۆڕەکانت خوێندەوە.
ئێمە لە گەرمەی گەڕانی کۆڵانەکانی ڕابردوودا بووین
کەوتینە سەر ڕێی ئاییندە.
ئەوەتانێ تازە باوکم بە ڕدێنی سپییەوە
سەبەتەیەکی تر دەکڕێ بۆ سەفەری باخچەی سێوان.
ژنەکانی دراوسێمان بڕیاریاندا جارێکی تر
خەوی ناخۆش بۆ بەلوعەی حەوشەکانیان نەگێڕنەوە.
کوڕەکانی سەر سووچی کۆڵانەکەمان
هێندە چاوانیان تیژبووە
ئەگەر خوا سەد فرسەخ دوور بێ
ئەگەر بەرگی نیشتیمانی لەبەرا بێ، یان تیشکی خۆر، یان نوێ ترین کاڵای بازاڕ
لەناو هەزاران ڕوخساردا دەیناسنەوە.
دایکم دەڵێ: ئای لە جوانی ئەو ڕۆژانەی بەیانی دێن
ئای لە دزێوی وتەکەی باپیرەتان، کاتێک دەیوت خۆزگەم بە پار.
تۆ لە ئاییندەوە هاتیت و
پاش بیست ساڵ لە گوڵکردنی دار هەناری حەوشەکەمان
گەڕایتەوە بۆ ئاییندە
ئێمە لە ڕابردووە هاتین و
کەچی ئەوا هەر هەموومان، لێواو لێو بووین لە ئاییندە.
11-7-2002