بەلوعەی ناو حەوشەکەمان
بۆتەی شانۆی خەونی ناخۆش
بەیانیان زوو
“خەرامان” دێ و
خەونی شەوی دەدا بەدەم ئاوەکەوە
“ماهیرە” دێ و
شەوێکت تر
“ڕووناک” دێت و خەونێکی تر
ئێستا بۆم ڕووندەبێتەوە
جۆگەلەی بەردەم بەلۆعەی حەوشەکەمان
بۆچی ئاوا ڕەش دەچوەوە؟!
تەقە باوکم هەڵدەستێنێ
بەتانییەکە بەسەر مندا دەداتەوە
گڵۆپەکەی بەردەرگای ماڵ خامۆشدەکا
ڕادەکشێت و هەر ورتەی دێ:
بنوو کوڕم!
هەر بە تەنها گڵۆپەکەی بەردەرگای ماڵی ئێمەیە
فیشەک کوێری نەکرد بێ
هەر ئەو ماوە، لە تاریکایی شەواندا
چاوساغی ئەم کۆڵانە بێ.
نیشتیمانەکەم ڕۆژێک مرد
کە خاوەنی خانووەکەمان، لەسەر دوا کەوتنی کرێ
شڕە و شاتاڵی ماڵمانییان ، فڕدایە سەر چەقی ڕێگا
نیشتیمانەکەم ڕۆژێک مرد
لەسەر بوخچەکەی نوێنەکانمان
لە چاوەڕوانی باوکمدا
سەیری ڕووخساری جنێوی دەمی خاوەنماڵم دەکرد.
حوزەیرانی 1999
آ