سەفەر و باپیرەم و کچەکەم

 

 

 

باپیرەم دەیگوت: بەرد لەشوێنی خۆی سەنگینە.

کچەکەیشم دەڵێ: “بابە ئینسان پەتاتە نییە ڕەگی هەبێ، ئاخر ئینسان دوو پێی هەیە.”

 

بەردێکم دی، سەرگوزشتەی سەفەری خۆی بۆ جۆگەیەک دەگێڕاوە:

ئەو ڕۆژەی کە ئاو ڕایماڵیم، چەند دەترسام.

 یەکەم جار بوو، لە شوێنی خۆم دوورکەومەوە،

جا چیم نەدی.

ئەوگەڵایانەی هەمیشە سەوزن، ئەو ئاسۆیانەی لەیەکناچن.

ئای لەو ڕۆژەی شەپۆلی ماندووی دەریایەک

حەکایەتی سەفەری خۆی ، لە شاخەوە بەرە و دەریا گێڕایەوە. 

دەمووچاوی ئەو ئەستێرانەم بینی، گەر تا ئێستاش لە شوێنی خۆمدا بوومایە

نەمدەزانی  تیشکیان هەیە.

ئەو ڕۆژەی کە ئاو رایماڵیم چەند دەترسام

دەترسام لە شێواندنی ئەو گۆرانییەی بە سەنگینیم دەستپێدەکا و

    دێ.  بەسەنگینیم کۆتایی   

دەترسام فێری گۆرانییەکی دیکە ببم  باوکم دڵی پێ خۆش نەبێ.

ئای لەو ڕۆژەی ئاو ڕایماڵیم، چەند دەترسام.

ئای ئێستاکەش چەند گۆرانی و  

چەندین ئاسۆ و چەندین ڕەنگی تازە فێر بووم.

 چەندین بەردی ئەو دیو گردەکەی ئەو بەرم، بوونە هاوڕێم.

سەفەرهەر بەتەنها

 بینینی بەندەرگا و ئێستگای شەمەندەفەر و

شاحینە و پارکی گەورە و سنووری تازە و

 خەوتن لە لێواری ڕێگای سەر شاراندا نییە.

سەفەر هەر بە تەنها بینینی ئەو ڕێگایانە نییە

کەو ەسفەکەی، وا لە گیرفانی قاچاخچیدا و 

 هیچ ئەتڵەسێک نەیبیستووە.

دانیشتن نییە لە سەر کورسی ناو پارکێکدا

باسکردنی سێکس نییە بە ئاشکرا لە ناو ئاپۆڕەی بارێکدا.

تەتەڵەمیرانی وشەی تازەی ڕێزمان نییە، لەسەر زمانی مادەری.

جلی تازە و هەویەی تازە و دەموچاوی بێ سمیڵی تازە نییە.

هێنانی ئەوێ نییە بۆ ئێرە.

گۆڕینەوەی شار بە شار و چایخانە بە قاوەخانە و

دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی دەستکردی نێوان بەهەشت و دۆزەخیش نیە.

سەفەر بەر لە هەموو شتێک

بینینی وێنەی خۆیە لە چاوانی ئەوی دیدا.

نیگایە لەو، لە ناو چاوەکانی خۆدا.

سەفەر بەرلەوەی گەڕان بێت لە پنتێکی زەمینەوە بۆ پنتێ دی

گەڕانە بەناو نیگادا، سەرنجدانە لە دیدی خۆ

سەرنجدانە لە دیدی ئەو لەناو نیگاکانی خۆدا.

 

 بەر لەسەفەر

من بەتەنها چەند کۆڵان و

چەند گەڕەک و هەر دوو شارێک، مێژووی تەجرووبەی زیندووم بوون لەگەڵ شوێنا.

پێم وابوو غەم هەر بەتەنها یەک جۆر بەرگ لەبەر دەکا. 

کۆڵانێکیش دەیبردمەوە سەر ئاشەکە.

گەڕەکێکیش، دەبووە مەیدانی شەڕەبەرد لەگەڵ کوڕانی ئەوبەردا.

شەقامێکیش دەیگەیاندمە  بەر سینەما.

تێرمیناڵێک دەیگەیاندمە شارێکی دی.

 

من ئێستاکە هەر تەنها شارێک شک نابەم

ڕەنگەشاری  یەکەمینم، دووەم، سێیەم تاکە جیاوازی ناویان بێت.

بەڵام هەموو لەیەکدەچن.

گەر لە شاری یەکەممدا، تەنها “قەحتان”ێکم بووبی   َ

ئەوا لە شاری دووەمما، من خاوەنی دەیەها بتڵی جیاواز و دەیەها ناوی قەحتانم.

دراوسێی شاری یەکەمم تێردەگریا، کاتێک هەواڵێکی ناخۆش لە پەنجەرەی دڵی دەدا.

دراوسێی شاری سێیەمم هەر وادەکا، کاتێک شادی لە پەنجەرەی دڵی نادا.

هیچ کامیان بەڕووتی ناچێتە بازار و    

بیری ناچێ، کریی ماڵ سەری مانگ بدا.

 یەکەمیان لە دووکانەی سەرسووچی گەڕەک قەرزیدەکرد، ئەگەر پارەی پێ نەبوایە،

 دووەمیان لە بانک، ئەگەر نەشبوو، لە من یان لە هاوڕێیەکی.

 

زەبروزەنگ، هەر بەتەنها ویزەی فیشەکێکی وێل و

ژێرزەمینێکی شێداری زیندانی ناو شارێک نییە.

زەبر و زەنگ یانی بە جێهێشتنی منال بەیانیان زوو

لەبەردەرگای باخچەی ساوایاندا گەرچی  خەو بەری نەداوە.

سەرە درێژەکانی خەستەخانەن. 

مەمکەکانی پامێلا ئەندەرسۆن و ڕووخساری مایکڵ جاکسۆنە.

پڕکردنی ماڵە لە گوڵی پلاستیکی کاتێک بەهار لەودیوی پەنجەرەوە ڕاوەستاوە.  

بەکرێدانی هەتاوە لە کەناری دەریایەکدا.

لە قاڵبدانی ڕۆژ و هەفتە و مانگە لە ناو چوارچێوەی سەعاتدا.

زەبروزەنگ، خستنەوە ژێرپرسیاری ڕەشی قژە، لەبەرانبەر قژزەردی جوگرافیایەکدا.

 

دەکرێ شاعیر بی و

کەس لە چایخانەدا کورسیت بۆ نەگرێ.

دەکرێ نووسەر بی و

پێتوانەبێ خوێنەر دەبێ کۆڵکێشی وشەت بێ.

من لە سەفەرادا  بینیم، شاعیر کورسی بۆ ناگیرێ.

هیچ کۆڵکێشێکم نەبینی، بەدوایەوە نووسەرێک  بڕوا.  

سەفەر یانی بەخشینەوەی شوناسی دارێتیە بە داربەڕوو  و

وەرگرتنەوەی شوناسی پاشایەتیە لەو  وەک شای درەختێکی دنیا.

سەرنجدانە لە هەڵۆ، وەک باڵندەیەکی بەرزەفر لە قەندیل بێ یان لە تۆرۆس.

گرتنی وێنەی گەلی عەلی بەگە بەتەنیشتی نیاگاراوە.

بینینی مناڵی خۆتە لە کۆلانی یەکەم شارتا و

وردبوونەوەیە لە یادگارەکانی ئەمڕۆکەت لە سبەێنێی شاری دووەمتا.

سەفەر یانی ئازادکردنی غوربەتە لە زیندانەکانی گەڕەکێکدا و

 نیشتەجێکردنی ئەوە لە گەڕەکی بێ ماڵیدا. 

یانی بێکارکردنی “بادی خۆش مروور”ە وەک پۆستەچی بە پەنجەی “بینێرە”ی مەیلێک .

لێسەندنەوەی یەکدەمووچاوییە لە خوا و بەخشینی فرە دەموچاویە بەو.

سەفەردەکرێ گەورەکردنی وێنەی نیشتیمان وهەڵواسینی بێ  بە دیواری ناو ماڵەوە

یان بچووککردنەوەی وێنەی گۆی زەویی و هەڵواسینی بێ بە لای پەنجەرەی نیگاوە. 

فێربوونی کچەکەمە بۆ وتنی: بە بڕوای من.

 ڕەوینەوەی ترسی ژنەکەمە لەهەڕەشەکانی دەستی تەڵاق، 

سەفەر دەکرێ ونبوونی دەمووچاوی باوکێک بێت و

 دروستبوونی دەیەها دەمووچاوی دیکەی باوک بێت. 

بەڵام سەفەر هیچ شتێک نییە جگە لەسەر گوزشتەکانی بەردێکی موسافیر. 

 

دەنگی باپیرەم ئێستا، تەنها لە ئەلبومی وێنەکاندا دەگاتە گوێ.

کەچی دراوسێیەکی شاری یەکەمم کە لە شاری سێیەمیشما دراوسێمە

کە بێکاری قۆڵ دەکا بەقۆڵیا ولە کۆمەڵەی کولتوری شاردا دایدەنێ

لە پاش دۆڕاندنی ئەزنیفێ 

 بە دەنگێکی گڕتر لە دەنگی باپیرەم دەڵێ: بەرد لە شوێنی خۆی سەنگینە. 

کچەکەیشم، هەر وەک عادەتی هەمیشەی

گەر وشەی  پەتاتە ببیستێ

دیسان دەڵێ: بابە ئینسان پەتاتە نییە ڕەگی هەبێ، ئاخر ئینسان دوو پێی هەیە.

 

29 ی ئایاری 2003

 
 

 
 
  
 

Check Also

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو نووسینی: نزار القبانی وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد کلیکی ئێرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *