بۆ زمناکۆ، ئەو پیاوەی، بە شوێن “ئاسایش”ەوەیە

 

 

 

 

 

 یەکەمجار کە بردییانە ئاسایش

 پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە

 بە گڵۆپی بەر ماڵانی چەندین گەڕەکت وتووە،

 من لە شوێنی ئێوە بوایەم، دەمێک بوو ناوم گۆڕی بوو

 ئەم ڕاپۆرتە، عەموودی سەر سووچی کۆڵان بۆی هێناوین.

 

دووەمجار کە بردییانە ئاسایش

 پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە

 بە بەلووعەی چەندین ماڵانت وتووە،گەر وابڕوا دەنگتان دەمرێ،

 ئەم ڕاپۆرتە، سەتڵێکی دەستی ئاوگرێک بۆی هێنا بووین.

 

سێیەمجار کە بردییانە ئاسایش

 پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە

 بە کۆڵانی دەوروبەری مەیدانی ئازادیت وتووە،

 دەکرێ روژێ، دەنگتان بەرگی “نا” لەبەر کا و

 سەرشەقام پڕکا لە جۆشان.

ئەم ڕاپۆرتە، پەیکەرێکی چاوکراوەی شەقامی ئەوبەر هێناویە.

 

چوارەمجار کە بردییانە ئاسایش

 پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە

 بە سجنەکانی ناو ژوورە داخراوەکانی ئاسایشت وتووە

 بۆ قاوشەکان دەنگی مردووییان گرتووە

 ئەم ڕاپۆرتە، زیندانییەکی ڕیش سپی بووی، قاوشەکەی ئەو دیو هێناویە.

 

ئەو ئەگەر قاچێکی لای کۆبوونەوەی شۆفێری پاسەکانیش بێت

 بۆ ئێوارە، لە کونجی ئاسایشدایە.

گەر لەکەلار، سەردانی چایخانەیەک کات،

 بۆ ئێوارە، دیسان دەبریتە  ئاسایش.

ئەو قاچێکی لە کۆڵانی ژیاندایە و

 قاچێکی کەی لە ئاسایش

 ئەو دەنگێکی لە دەنگداری شەقامدایە و

 دەنگێکی کەی،  لە ڕاسانی  ژوورەکانی  ناو ئاسایش.

 

 
 

 
 
  
 

Check Also

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو نووسینی: نزار القبانی وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد کلیکی ئێرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *