لەم کەنارە، زۆر جاران بێ تۆ دانیشتووم.
بەم ڕێیەدا بۆ سەر دەریا، بەبێ تۆ گەلێک جار ڕۆشتووم.
بەڵام هیچ کات وەک ئەو جارەی پێکەوە بووین
دەریام هێند کەورە نەدیوە.
لە بنچک و لە سەوزەگیای قەراغ ڕێگا
ئاوا ووردنەبوومەتەوە.
ئاوا بەچاو گوڵبژێری
گول و گەڵای قەراغ ڕێگام نەکردووە.
ئاخر من ئێستا وەک جاران جووتێک چاو نیم
دەریا لە ناویا بەتەسکی جێی بێتەوە.
ئاخر من ئێستا وەک جاران جووتێک دەست نیم
چەپکەگوڵێک بچنێتەوە.
من و تۆ ئێستا دوو جووت چاو، دوو جووت دەستین.
بڵێی دەریا لە چاومانا
هەست بە تەسکی شوێنی بکا و
باخچەگوڵێک لە دەستمانا
بۆ دەشتێکی بەرین لە گوڵ نەشنێتەوە؟
پێش تۆ ماڵەکەم بە تەنها
ڕووتەڵە بوو، وەک پەنجەرەی بەبێ پەردەم.
بەبێ بۆن بوو
وەک گوڵانی پلاستیکی ناو گوڵدانم.
پڕ بوو لە ناڵە و هاواری مێزی ناو ماڵ
بۆ بینینی کورسییەکی دیکەی بەرانبەر.
کە تۆ هاتی
پەردە بوو بە برۆی چاوی
ئەو پەنجەرانەی دەمێکە پێرشێنتەکان کوێری کردوون.
گوڵدان دووبارە بوویەوە بە نزرگەی گوڵی زیندوو.
مێزیش لە نێوان دوو کورسی بەرانبەردا
باڵانسی خۆی وەرگرتەوە و شاگەشکە بوو.