٢٨ی جانیوەری ٢٠١٥
لە ٢٧ی جانیوەریدا، کۆمەلگای بەشەری لەبەردەم یادی هۆلۆکۆستدا، بێدەنگ دەوەستێت. ئەم بەروارە، ڕێکەوتی ئەو ڕۆژەیە کە حەفتا ساڵ پێش ئێستا لەشکری سووری سۆڤییەت دەچێتە ناو ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملێی نازییەکانەوە لە پۆلۆنیا و ئەو تراژیدیایە دێنێتە بەرچاوان کە نازیزم بە جووەکانی ئەوروپای بەخشی بوو. بێگوومان قەتلوعامی نازیەکان بە تەنها ڕووی لە جووەکانی ئەوروپا نەبوو. بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیزامی نازیزم، هۆمۆسیکسوال، “قەرەج”، “هاندیکاپ” ، سۆسیالیست و هەموو ئەوانەی لە نەخشەی بایۆلۆژی رەگەزی نازییەکاندا جێیان نەدەبووەوە، دەکرا لە ئاوشویستدا لە گازبدرێن و بسووتێنرێن.
لەمساڵدا، ٣٠٠ کەس لە ڕزگاربووەکانی ئاوشویتس لە مەراسیمی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەدا لەئاوشویتس ئامادە بوون. ئەمڕۆژە هی دەربازبووەکانی ئاوشویتسە و هیچ سەرکردە و پادشایەک بۆی نییە قسە بکات. بەڵام دوای دە ساڵی دی، کێ دەمێنێ تا ئەم حەکایەتانەی ناو کوورەی ئینسانسووتاندنەکانی ئاوشویتس بگێڕێتەوە؟ ئەمە مەراقی بەشێکی زۆری قسەکەرانی ئەم ساڵ بوو. بە تایبەتیش لە کاتێکدا ئەو هێزەی ئەم کردەوە قێزەوونەی ئەنجامدا، هەر ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئەوروپا و پارلەمانەکانیدا، بە قاتەوە، خەریکی هۆنینەوەی ئەو چیرۆکانەن کە نازیستەکان لەسەرەتای کاریانەوە دەستییانپێکرد.
هۆلۆکۆستی جووەکان خاوەنی ئەرشیڤێکی گەورە و دەستگای گەورەی لێکۆڵینەوەیە. بە لەدەستدانی قوربانییە زیندووەکانی دوای هۆلۆکۆست، ئەم پرۆژەیە زەربەیەکی گەورە ناخوات. بەڵام بوونی ئەم هەموو دەموچاو و ژمارە لەسەر قۆڵهەڵکۆڵراوانەی کە هێواش هێواش حەکایەتەسادەکانی ئەم شوێنە دەگێڕنەوە، ئینسان بۆ ساتێک ڕادەوەستینێت و و پرسیارە گەورەکەی (پریمۆ لێڤی) ئیتاڵی: ئایا ئەمە ئینسانە، بە دەنگی بەرز دەبیستیتەوە.
(کالێل پێرۆچیدنیک ) یەکێک لەو جووانە بوو کە بۆ ڕزگارکردنی خۆی دەبێتە پۆلیس بەسەر هاوڵاتیەکانی خۆیەوە. ئەو لەو کەسانەیە کە نازیزم ناچاری دەکات ژن و منداڵەکەی خۆی سوار ئەو شەمەندەفەری ئاژەڵگواستنەوانەیە بکات کە بۆ گواستنەوەی جووەکان بەرە و ئاوویتس و شوێنەکانی دی ئینسانسووتاندن تەرخانکرابوو.
کالێل دەنووسێت:” تۆ لە فارغۆنی چوارەمی دوای لۆکۆمۆتیڤەکەوە دانیشتوویت. لە فارگۆنێکدا کە تەنها ژن و منداڵی تیدایە. لە فارگۆنەکەتدا، تەنها دوو پیاوی تێدایە، بڵێی ئەوان ڕزگارکەری تۆ بن؟ بە چیچکانەوە لەسەر سەکۆ بە تەختەدروستکراوەکەی ناو فارگۆنە دانیشتوویت و (ئالوشکاش)ت لە باوەشدایە. تۆ بڵێی منداڵەکان بەم درەنگانە خەویانلێکەوتبێت؟ لەوانەیە لە شەوێکی بێ هەوای ئەم ئاوگۆستییەدا لە نەمانی هەوای هەناسەداندا بخنکێت؟
بە تەنیا لە ناو ئەوانەی کە بڕیارییان لەسەردراوە دانیشتوویت. لەوانەیە دڵنەوایی لەوەدا ببینیتەوە کە لەم چارەنووسەتدا تەنها نەبیت و خەلکانێکی دیکەشت لەگەڵدان. نا، من پێموانییە ئەمە ئەوە بێت کە تۆ بیریلێدەکەیتەوە. تۆ لەوێ دادەنیشیت و شتێک هەیە کە تێیناگەیت: شتی وا ئیمکانی هەیە؟
ئیمکانی هەیە کالینکاکەی خۆت کە دە ساڵە خۆشیدەوێیت، ئاوا باوەربەخۆبوو، هەموو خەیاڵەکانی تۆی هەڵدەهانی و بە خۆشحاڵییەوە لە خەیاڵی بەدیهێنانی خەونەکانی تۆدا بوو، ئاوا بێوەفا دەرچێ؟ ئاوا ڕێی دا کە تۆ سواری ئەم شەمەندەفەرە ببیت و بۆ خۆیشی لەگەڵتانا نەیەت؟
من دەزانم ئێستا دەستەکانت تووند داخستووە و لە بەرانبەر ئالووشکادا غەزەبت لێدەبارێ. ئاخر هیچ نەبێ ئالووشکا کچی ئەوە، بۆ دەبێ من ئیستا ئەم کچەم لەگەڵدا بێت، دەبینم هەڵدەستیتە سەرپێ و دەتەوێ ئەم بچکۆلەیە لە پەنجەرەکەوە فڕیدەیتە دەرەوە.
ئانکا، ئانکاکەم! مەسڵەمێرەوە و بێئەوەی دەستەکانت بلەرزێ کچەکە لە پەنجەرەکەوە تووڕدە دەرەوە! لەوانەیە مندالەکە بکەوێتە ژێر ئەم شەمەندەفەرە خێرایەوە و بیکات بە شێلم. لەوانەیە، لەوانەیە ئەگەر خوایەک هەبێت لەم دنیایەدا، ئەوا ئەو فریشتە باشانەیش هەبن کە فەرشێکی نەبینراوی بۆ ڕادەخەن تا بکەوێتە سەری و ئازاری پێنەگات. یان لەوانەیە ئالووشکاکەت بە نەرمی بکەوێتە سەر زەویی و دوور لە ڕێڵی شەمەندەفەرەکەوە خەویلێبکەوێت . لەوانەیە بۆ بەیانییەکەی کەسێکی باشی مەسیحی شەیدای ڕووخسارە ناسکە جوانەکەی دەبێت و هەڵیدەگرێتەوە و دەیکاتە باوەش و دەیباتە ماڵەوە و وەک کچی خۆی بەخێویدەکات.
ئانکا! ئانکا تکات لێدەکەم وا بکە. بۆ یەک ساتیش چییە دوو دڵ مەبە! (١)
ئەگەر ئەم چیرۆکە دڵتەزێنەی هۆلۆکۆستی جووەکان وەربگێردرێتە سەر کۆنتێکستە کوردییەکەی، ئەوا دەکرێ ئەو منداڵەی کەسێک هەڵیدەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە، ئەو کەسایە کە لەگەڵ گێرانەوەی چیرۆکەکانی خۆیدا، شایەتحاڵێکی ئەو هەناسە خنکاوانە بێت تا زیندووەکانی ئەمڕۆ ڕابگرێت و پرسیاری خۆی لە مرۆڤایەتی بکات.
لە سەر یەکێک لە تەختەکانی ناو فارگۆنی شەمەندەفەری بارهەڵگری (دان پاگیس)دا، بە قەڵەمی ڕەساس نووسراوە:” لەم فارگۆنەدا، من، ئێڤا و هابیلی کوڕم، هەر کەسێک قابیلی کوڕە گەورەم ، نەوەی ئادەم دەبینێ، پێیبڵێن کە…….”
ڕەنگە حەکایەتی ئەم قابیلە ڕزگاربووەی کە نابرێتە ئاوشویتس، یەکێک لە مەغزا گەورەکانی سەرکەوتنی چاکە بێت بەسەر خراپەدا و دەرکەوتنی ئەو حەقیقەت بێت کە دەبێ بە نەوەکانی دواتر بووترێت.
بەلام قابیلی ڕزگاربووی کورد، تەیمورێک کە زیل نایکات بە ژێرەوە و فریشتەیەکی موسوڵمان دەیگرێتە خۆیی و بۆ ئەوەی شەرمەزاری بۆ بەعس دروستکات، دەگەڕێتەوە و لە پاڵ گێرانەوەی حەقیقەتەکاندا،لە بەرانبەر ڕاوی کەس وکاری خۆیدا، دەکەویتە ڕاوی ئینسان و ئاژەڵی کۆمەلگاکەی خۆی.
تەیموری گەڕاوە لە دۆزەخەکانی ئەنفالەوە، لە یادی ئەنفالی جووەکاندا، کاتێک منداڵە ڕزگاربووەکانی وەک خۆی بەرانبەر چاوەکانی کامێرا و سەرکردەکانی جیهان ڕاوەستاوون و جیرەی دەرگا و کزەبای ساردی ئێوارانی ئۆردووگای زۆرەملێ و بۆنی گۆشتی سووتاوی کەس و کاریان دەهێننە ماڵەکانی ئێمە تا ئاوشویتسمان لە یاد نەچیت، لە و ساتەدا، بە خۆیی و کۆمەڵێ پاسەوانەوە ، حەمە عەلی عالییان دەدەنە بەردەستڕیژی گووللە.
بوونی قوربانییە زیندووەکان، قورساییەکی گەورە بە حەکایەتەکانی ڕزگاربوونی قوربانیان دەدات کاتێک لە بەرانبەر نەوەی نوێدا رادەوەستن.
دوای ئەم ڕووداوە، مەترسیی ئەوە هەیە کە تەیمووری گەراوە لە دۆزەخەکانی ئەنفالەوە، بۆ رۆژێک لە بەرانبەر قوتابییانی قوتابخانەیەکی سەرەتایدا، سەرگوزشتەکانی ئەنفال بگیڕێتەوە و پرسیاری قوتابیان لەوە بێت: حەمە عەلیی و ئاسکەکانی گەرمیانی بۆ کوشت.
ئەوانەی تەرمی گازلێدراوەکانیان دەردەهێنا و دەیانبردن بۆ کوورەکانی سووتاندن، هەر هەمان ئەو جووانە بوون کە ئەم کارەیان پیسپێردرابوو. یەکێکیان دەڵێت: پیتانوانەبێ ئێمە دڕندە و جڕوجانەوەر بوو بین. جیاوازی ئێمە و مردووەکان ئەوەیە، ئێمە کەمێک بێبەختتر بووین؟
بە ڕاستی چ بێبەختییەکە بۆ خەلکی ئەنفال و کورد کاتێک قوربانییەکەی کە لە دۆزەخەوە دێتەوە، دەبێ بە جەللاد و زمانی گێرانەوەی حەقایەتەکانی لەدەستدەدات؟
1-Stephane Bruchfled, Paul A. Levine, Om detta må ni berätta, regeringskansliet 1998