گرمەی هەور بێدارمدەکات.
هەڵدەستم و پەنجەرەکە تونددادەخەم.
چەخماخەیەک، دارستانەکەی ئەوبەرم بۆ دەکاتە چراخانێک .
ئەوەتانێ
نە درەختێک پەلکێکی خۆی وەکو چەتر
لەسەر سەری خۆی هەڵداوە
نە هیچ لقێک لە تەڕبوونی گەڵاکەیدا
دەم و چاوی لەیەک ناوە.
دراوسێ کەی نهۆمی یەک، بەم نیوەشەوە دێتە دەر.
لە پاڵتۆکەیدا وندەبێ و
من گوێم لێیە، هەر بۆڵەی دێ.
“ئەمە کەش و هەوای سەگە یان هی ئینسان”
من هێشتاکە
لەناو پەنجەرەی کراوەی ماڵەکەمدا ڕاوەستاوم.
گەڵا و لق و درەختەکانی ئەوبەری دارستانیش
لەناو سەمای ژێر باراندا.
دەنگی جنێوی دراوسێش
بەناو ڕێژنەی ئەم شەوەدا دەگاتە گوێم.