نە بادا تەنهایی ڵاڵ بێ!

 

 

 

ئێوارەی رۆژێکی دییە و

 سینییە گوڵەبەڕۆژەی باوکم، دۆشەکەکەی، سەرینە باگردێنەکە و ڕادیۆکەیشی

 گشت پێکەوە لەگەل ئەودا، هەموویان دێنە بەردەرگا

 بۆ لوولەی گوولەبەڕۆژەکان

 چەند دەفتەریكی کۆنی من، دوا ژمارەی گۆڤاری ئەلف با

 لە بەردەم خۆیدا دادەنێ و 

 پیالەیەکی بە تیپ پێچراو

 قنج لە ناو گۆلەبەڕۆژەکەدا، ڕێک بە پێوە و 

 لە حالەتی ئیستیعدادا، ڕادەگیرێ

 

 

ئەم سینییە  لە موگناتیسێکی ئیچگار گەورەی گەڕەک دەچێ

 ها چەند دەقیقەیەک نابا و

 لە ماڵان و لە کۆڵان و لەگەرەکی ئەودیوەوە

 حەشاماتێک ، لە دەوری باوکم و سینییەکەی

 دەوردەبەستن و کۆدەبنەوە.

 

باوکم فەیسبووکی  گەڕەک بوو:

حامید باسی سەوزە و میوە و  مشتەرییە سەیرسەیرەکانی

 کاک کەریم بە سەرگوزشتەی: لە فیتەر جنێوفرۆشتتر کێ دیویەتی

 خەرامان بە شەڕی خۆیی و ساحێبماڵی خۆیانەوە ئیسپات وجودی خۆی دەکا

 سەرداری قوڕ  بە سەتڵە ئاوی دەستییەوە، مەجلیس فێنکدەکاتەوە

 کاڵەک و کالیاری سەعە، بۆنپرژێنی دارگوێزەکە و کۆڵان دەکا 

 دەڵێن: هورمز ناوکی کەوتووە، کەس ناچێت بۆی بگرێتەوە

 باوکم بە کاک ڕەحیم دەڵێ: تا دێمەوە ، نیوەی سینییەکەم بۆ نەخۆی

 عەلیی و ئایشێ کچییان بووە، بەیانی با سەرێکییان بەین

 حاجی  ئەڵێ: سبەێ دەچین

 

شەوێکی دی بەرێوەیە و

 هورمز دێتەوە ناو مەجلیس

 ساوای تازەبوو  دەهێنرێ و دەخرێتە ناو کۆشی باوکم

 دەوری سینی دەبێ بەچاو

 باوکم کۆکەیەک دەکات و دەنگ هەڵدەبڕێ

    بانگ بە گووێی ساوادا   دەدرێ و  ریزێک چا خێرا تێدەکرێ

ئایەتولکورسی دەخوێنڕێ و

 جنۆکەی ژێرزەمینەکەی فەجە هین زل 

 بە قسەی خەجیج هەمان لەحزە، ماڵ جێدێڵێ و سەرهەڵدەگرێ

 بەختی کچە کرێچییەکەی گوولبەهاریش لە دەوری سینیەکەی باوکم  دەکرێتەوە

 ڕەحیم ژنی دووەم دێنێ

 باوکم گوێی عەبەی پینەچی تووند دەگرێت و

 سووک پێیدەڵێ:  نەک ببیستم جارێکی تر دەنگ لە ئاسکە بەرزکەیتەوە

 لە پڕ باڕەيشێک هەڵدەکا و  هەر کەس بۆ کونجی ماڵی خۆی

 

 

باوکم ئێستا

 بۆ ئەوەی بژی، بۆ ئەوەی سینییە کۆنەکەی جارانی

 تەنها نەبێ

 هەموو شەوێک، تەنهایی دێنێتە ماڵ و

 لە گەڵیدا، لە ژوورێکدا، پێکەوە دادەنیشن و

 تا شەو دەنوێ، لە گەڵی دەدوێ 

 باوکم ئێستا لە ژوورێکدا،دەرسی تەنهایی دادەدا

 فێری دەکات چۆن  بتوانێ

 لە مەملەکەتی جەدەلی چەند دەفتەر و 

 نەمانی پەیژەی سەربان و

 سەکۆی بەرماڵی جاراندا

 فێر بێ بژی و

 زمانی خۆی،  لەبیر نەچێ

 باوکم ئێستا   …..

 

20131110
 
 

Check Also

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو نووسینی: نزار القبانی وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد کلیکی ئێرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *