دوو کوڕپۆشی ئەفغانی لە کابۆل
لە کۆتایی فیلمی باراندا، دەرهێنانی مەجید مەجیدی، (لەتیف)ی پاڵەوانی فیلمەکە کە کرێکارێکی گەنجی تورکی ئێرانە و عاشقی (ڕەحمەت)ی ئەفغانی دەبێت کە ئەویش هەر کرێکارێکی وەک خۆیەتی و لە یەکێک لە پرۆژە بیناسازییەکانی تاراندا کاردەکەن، لە پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر بۆ یەکتربینین و نیشاندانی خۆشەویستی یەکلایەنەی لەتیف بۆ ڕەحمەت، لە ئان و ساتێکدا بەیەکدەگەن کە بنەماڵەی باوکی ڕەحمەت خەریکی ماڵبارکردنن بەرە و ئەفغانستان و ئەم ئەشقە کڵپەسەندووە، تەنها یەک دەقیقەی یەکتربینین بە هەردوو لاو دەبەخشێ.
کاتێک ڕەحمەت سوزگی ماڵەکەی پڕکردووە لە شەکر و شیرینی و چکلێت و دەیەوێ بیخاتە ناو سەیارەکەوە کە ڕاوەستاوە، لە شەرم وشکۆی ئامادەبوونی لەتیفی ئاشقدا، دەکەویت و سوزگی و ناواخنەکەی دەڕژێتە سەر زەوی. ڕەحمەت بورقە شینەکانی ئەفغانستانی لەبەردایە و دەمووچاوی دانەپۆشیوە. کاتێک لەتیف خەریکی کۆکردنەوەی وردەواڵە ڕژاوەکانی ئەوە، هەردوو لایان چاو لەیەک دەبڕن. چەند چرکەیەک و ڕەحمەت بە دەستی خۆی دەموچاوی دادەپۆشێت و لە کوونەکانی چارشێوەکەوە، دوا نیگا لە لەتیف دەکات و دەچێتە ناو سەیارەکەی کە چاوەڕوانیانە.
ئەم نیگا چەند چرکەییە ڕەنگە هەموو چیرۆکی فیلمەکە بگێڕێتەوە. ڕەحمەت هەموو ڕۆژێک کە لەسەر کارە دەتوانێ لەتیف ببینیت و دەموچاوی خۆیشی نەشارێتەوە، چونکە ڕەحمەت کوڕپۆشێکی ئەفغانییە و دەتوانێ بەلەبەرکردنی جلی کوڕانە ڕەگەزی بایۆلۆژی خۆی لەپێبکات و وەک کوڕان کاربکات و یاری بکات و قاچبخاتە ناو ئەو مەملەکەتانەی کە کچان بۆیان نییە قاچی تێبخەن.
لەم دیاردەیەدا لە ژێر جەبری کۆدەکانی ڕژێمی جەندەری کۆمەلگای ئەفغانستاندا، بۆ ئەو بنەماڵانەی کە کوڕیان نییە، کوردواتەنی، وەجاخکوێرن، بۆئەوەی شەپۆلی سووکایەتی و نەفرەتی نەبوونی کوڕ لەسەر خۆیان کەمبکەنەوە، بۆ ئەوەی باری ئابوری سەرشانی بنەماڵە سووکتر بکەن، دایک یان باوک، کچێکی خۆیان دەکەنە کوڕپۆش و دەرگایەک بەڕووی ئەو جیهانەدا دەخرێتە سەر پشت کە کچ ناتوانێ پێتێبخات، بەلام جلی کورانەوە، فەراهام دەبێت.
دیاردەی کوڕپۆشی یان بەچەپۆشی بە زمانی فارسی و ئەفغانی، دیاردەیەکی هەتا بڵێ پڕ لە دژایەتییە کە هەم ئازادی فەراهام دەکات و هەمیش زیندانەکانی ناخی ئینسان تاریکتردەکات. دەرگا لەسەر ئازادی دەکاتەوە چونکە کچانی منداڵ دەتوانن تا تەمەنێکی ١٦ و ١٧ ساڵە وەک کوڕ ڕەفتار بکەن و ئەو ئازادییە بە دەستبێنن کە کچبوونییان لێیاندەسەنێتەوە. هاوکات زیندانێکیشە چونکە چەند سالێک وەک کوڕ ڕەفتار دەکەن و دواتر دەبێت ببنەوە بە کچ و وەک کچ ڕەفتار بکەن کە چەند ساڵ کوڕبوونییان دیاردەی کچبوونییانی کاڵکردۆتەوە.
ئەم دیاردەیە لە ساڵی ٢٠٠١ دا لە لایەن مەجید مەجیدی لە فیلمە جوانەکەی باراندا دەخرێتە بەر چاوی بینەران و جێگایەکی هێندە گەورە داگیرناکات. بەڵام کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن جێنی نۆربێری، کچە ڕۆژنامەنووسی سویدییەوە ڕیپۆرتاژیکی درێژی لێبەرهەمدەهێنرێت، وەک هەواڵێکی گرنگ دەنگدەداتەوە.
جێی تێرامانیش ئەوەیە کە كچانی مناڵی ئەفغانی بە جللەبەرکردنی کوڕانەیان ئەو ئازادییە بەدەستدێننەوە کە وەک کچ لە دەستییانداوە. بینینی ئومێدێک لە تونێلێکی تاریکدا. یاخود درزێک لە ناو سیستەمێکی ڕەقی جەندەردا کە کچبوون تیایدا شورەییە.
من بە بیستنی ئەم هەواڵە کەمێک دڵخۆشبووم کە لانی کەم لەم دۆزەخەی رژێمی جەندەری ئەفغانستاندا کچان دەکرێ هەناسەیەک بدەن و کەمێک لە ئازادییەکانیان بەدەستبێننەوە.
بەڵام پاش ماوەیەک دڵخۆشیم دەرەوێتەوە و هەستدەکەم خەریکە فێڵملێدەکرێت.
ئەو ساتەی ڕەحمەت کە ناوی کوڕە و لەوی کچ دەنرێت تا ئازادانە بچێتە دەرەوە و پارە بۆ بنەماڵەکەیان پەیدابکات، چاو لە چاوی لەتیف دەبڕێت و کەسێکی ئازادە و ئەم مافەی خۆی پراکتیزەدەکات. بەڵام کاتێک دەبێ کچ بێت ، ئەوا لە پشتی کوونی بورقەکەوە تەواوی مافەکان وندەبن. ئەم دیمەنە لە سیحر دەچیت و لەبەرکردنی شەڕواڵێک مافت پێدەبەخشیت و داکەندنی دەتکاتە کۆیلە.
کاریگەرە ڕەوانییەکانی ئەم هەوالە لەسەر خوێنەر ئەوەیە کە ئینسان ناچاردەکرێت دڵخۆشی خۆی بەوە دەرببرێت کە چۆن ئەم سیستەمە درزێک دەکاتەوە تا کۆیلەکانی ژێردەستی خۆی هەناسەیەک بدەن و بەمەش نیگای ئینسان لە درزی سیستەمەکەدا چەقدەبەستێت و ئومیدەکان لەوێدا کۆدەبنەوە و بۆ ساتێکیش سیستەم دەربازدەبێت لەوەی جێگای ڕەخنە بێت.
دیاردەی کوڕپۆشی کە لە ڕواڵەتدا کردنەوەی دەرگاکانی ئازادییە بۆ کچانی گەنچ، سووتاندنی ئەوانە لە ناو دۆزەزەخەکانی جەنگێکی دەروونیدا کە بە کوڕکردنییان فێریان دەکات وەک کوڕ رەفتار بکەن و چەند ساڵێکی دواتریش دەبێ ببنەوە بە کچ. ئەم جۆە لە سزای ئازادبوون کە کاریگەرییەکانی لە ناخی ئینسانەکاندا برینی قووڵ هەڵدەکەنێ، شایەنی ئەوەیە وەک تفێک ناوچەوانی ئەم ڕژێمی جەندەرەی پێ سواغبدرێت.
چۆن دیاردەی زەواجی سیغە دەرفەتێک لەبەرانبەر ئەو گەنجانەدا دەکاتەوە کە فاشیزمی ئایین لە بەرانبەر ئینساندا سێکسی لە هەموو حەرامەکانەوە پێچاوە و دەرفەتێکی ئاینیان پێدەبەخشیت لەسەر حسابی بێحورمەتیکردن بە ژناندا، ئەوا دیاردەی کوڕپۆشیش کردنەوەی دەرگاکانی ئایین و ترادیسیۆنە لەبەرانبەر تێکەلاوبوونی ئازادانەی ئینسانەکاندا. بەڵام بەو مەرجەی ئایین و ترادیسیۆن قبووڵییەتی .