“هەر كەس چۆن ژن دەهێنێت و چۆن شوو دەكات، ئەوە بابەتێكی تەواو كەسیەو هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نیە خۆی لەو جۆرە بابەتانە هەڵقورتێنێت”، دەنگی بەشێ لە نووسەرانی کوردە و پێیانوایە زیادەڕەوییەک لە پەیوەند بە ژنهێنانی عەبدوللەتیفی سەلەفی و چاوانەوە کراوە لە مێدیاکاندا. بە بڕوای من هێشتا کەم کراوە و دەکرا زیاتر بکرایە.
ئەم زەواجە چەند شەخسی بێت، پەیامێکی کۆمەڵایەتی پێیە و گرنگی ئەم پەیامەیە وا دەکات ئەم هەواڵە ببێتە بنێشتە خۆشەی دەمی هەموو لایەک. بێگوومان هەر بەرژەوەندییە و بەشوین مەرامی خۆیەوەیەتی تا چەند خاڵێکی سیاسی، ئایینی یاخود شەخسی بچنێتەوە. پەیامە کۆمەڵایەتییەکەش: ڕێپێدانە بە چەند ژنە و جەختکردنەوە لەم پیرۆزکراوە ئاینییە لەلایەن کەسێکی ناسراوی ئاینیەوە کە وەک ئایدلێك سەرنچ دەدرێت. ئەگەر ڕۆناڵدۆ قژی بەلای چەپدا دادەهێنیت و کیلۆیەک جێڵی لێدەدات، دەکرێ کوڕەکەی من و کورەکانی عەبدوللەتیفی سەلەفیش لاساوی بکەنەوە و هەمان کار بکەن. عەبدوللەتیف، دەکرێ بێتە نمایندەی ئەم کەڵەگاییەی چەند ژنە و هەزاران خەلکی دی چاویلێبکەن. لێرەوەیە کە ناکرێ وەک زەواجێکی شەخسی چاویلێبکرێت. لە ئەساسیشدا، ئەم پرۆسەی چەند ژنیەی عەبدوللەتیفی سەلەفی، پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی رەمزییە و جەختکردنە لەسەر یەکێک بناغە گرنگەکانی ئایین و پەیامێکی ڕووبەگەنجانە تا لە مەملەکەتەکانی حەرامدا، بە حەڵاڵی لەزەتبەرن. داعش زۆر سەرکەوتووانە جومگەکانی سێکس و جیهادی لەیەکەوە گرێداوە و بەشێک لە خەونە سیکسییەکانی بەهەشتی هێناوەتە سەر ئەرز.
من سوپاسی عەبدوللەتیفی سەلەفی دەکەم کە لەڕێ ئەم زەواجی سێیەمییەوە دەمخاتە سەر دید و تێروانینیکی دیکە سەبارەت بە چەند ژنە لە ئیسلامدا. حەکایەتەکەی کە هەموومان بیستوومانە لە پەیوەند بە چەند ژنەوە ئاوا دەستپێدەکات : فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی وثلاث و رباع فان خفتم الا تعدلوا فواحدە”
پوختەی ئایەتەکە ئەوەیە کە دوو دوو، سێ سێ، چوار چوار مارەییان بکەن! تاکە مەرجێکیش کە دادەنرێت ئەوەیە کە بە دادگەرانە تەماشایان بکەن و رەفتارییان لەگەڵ بکەن. دیارە ئەم دادگەراییەی یان عەدالەتەی باسیلێدەکرێ کە پیاو دەکرێ لەبەرچاوی بگرێ، هەر عەدالەتە مادییەکە نییە، بەلکو سێکسییەکەیشە. واتا پیاو دەبێ لە سێکس لەگەڵ ژنەکانیشیدا عادل بێت. بەڵام ئەم لایەنەی بەرقەرارکردنی عەدالەت، بە هیچ شێوەیەک جێگای تێرامانی ئیسلامیستەکان نییە.
من پێموایە ئەم خالەیان قورسترین مەرجێکە کە بتوانرێت عەدالەتی تیا بەرقەرار بکڕێت. بەڵام لە هەمووی سەیر تر ئەوەیە کە هەمیشە ئەم عەدالەت بەرقەرارکردنە لە دیدی پیاوەوە سەرنجی دراوە کە پیاو لای خۆیەوە خشتەیەکی دروستکردووە و شەممەی بۆ شەمسە و سێشەممەی بۆ گوڵان و پێنجشەممەی بۆ باخانێک داناوە. ئیتر ئاو بێنە و دەست بشۆ!
جا لەوبەرەوە شەمسە و گوڵان و باخان چەند ڕەحەتبوون و لەزەتییان لەم گانە عادلانەیە بردووە، کەس ناتوانێت پەیپێبەرێت، خودی خۆیان نەبن. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە هەست و و سۆزی ئینسانەکان ناکرێ بپێورێت، بەلکو هەستپێدەکرێت. چ هەستێکە تۆ وەک ژن بزانیت ئەوەی ئیستا سێکست لەگەڵ دەکات، چەن سەعاتێکی دیکە و شەوێکی دیکە بەساقە و بە قوربانی کەسێکی دیکە دەبێت. ئەوەی کە ئێستا بە تۆی دەڵێت، شەوێکی دیکە بە کەسێکی دیکەی دەڵێت و دەکرێ هەندێ جاریش ناوی ژنەکانی لێتێکبچێت و بە هەلە بانگت بکات. عەدالەت لەم پرۆسەی سێکسە شەرعییەدا مەگەر تەنها بە میزانی مامۆستایانی ئاینی بکێشرێت ئەگینا هیچ ژنێک ناتوانێت خۆی بخاتە تایەکی تەرازووکەی عەدالەتەوە تا بزانرێت چەند عادیلانە سێکسی لەگەڵدا کراوە. بەرقەرارکردنی ئەم عەدالەتە و پێوانی وەک گۆشتلێکردنەوەکەی شایلۆکە لە ژێردڵی ئەنتۆنیۆوە کە شکسپیر لە شانۆنامەی بازرگانی ڤێنیسیادا بۆمان باسدەکات. ئاخر کەس ناتوانێت بە زەبری چەقۆیەک کیلۆیەک گۆشت لێبکاتەوە، کارێکی وا مەحاڵە و ناکرێ عەدالەت شانبداتە بەر گەمەیەکی ئاواهی. بەوەی ئێمە شایەنی تێکستێکی وەک ئەوەی شکسپیر نین لە پەیوەند بە پێوانی هەستی ئینسانەکانەوە لە سێکسدا، ناچارم دەستبگرم بە داوێنی نووکتەی کوردەوارییەوە.
دەڵێن ژنێک تاکە کچێکی هەیە و دەیدا بە شوو. لەگەڵ زاوا ڕێکدەکەون کە بەوەی ئەم تەنیایە و کەسی دیکەی نییە، دەبێ زاوا یان بگوێزێتەوە سەر ماڵی دایک و زاوا ڕێوێتی قبوولبکات، چوونەسەر ماڵی دایک لەلایەن زاواوە، یان دەبێ بگوێزێتەوە و لە ماڵی خۆیدا لەگەڵ کچەدا بژین.
زاوا “ڕیوێ|تی قبووڵدەکات و دێتە سەر ماڵ. کچەش هەموو شەوێک بەرلە خەوتن دێتە ژووری دایک و پشتیەک دەبات و دەچێتەوە لای مێردی خۆی.
نە شەوێک و نە دووان و نە سیان.
شەوێک دایک کچەکەی دەگرێت و دەڵێ: ئەم پشتییە زیادەیە بۆ کوێ دەبەی؟
کچەیش لەوەلامدا دەڵێ: مێردەکەم دەلێ بیخەرە ژێر سمتت و بەو شێوەیەش دەعبای کابرا هەمووی دەڕوا.
دایک کە ئەم ڕوونکردنەوەیە دەبیستێت دەلێ: تف لە ڕیشی گەوادەکەی باوکت. جا بە حسابی زاوا ڕیوی بێت، باوکت دە گوریس کێر قەرزداری منە.
ئاخر بە قسەی دایک: ڕەحمەتی هیچ کات پشتی نەخستووەتە ژێر ئەو.
دایک لەم حەکایەتە کوردیەدا دە ساڵ سێکسی کردووە و هێشتا هەستدەکات مامەلەیەکی عادلانەی پێنەکراوە. چونکە پەیوەندی ئینسان لەگەڵ سێکسدا پەیوەندییەکی زۆر تایبەتییە و هەستیپێدەکرێت بەڵام ناپێورێت، یاخود ناتوانرێت بژمێردرێت. بەلام ڕەحمەتی پێیوابووە کە خانمەکەی رازیبووە.
عەبدوللەتیفی سەلەفی دەکرێ موحازەرەیەکی تەلەفیزۆنییمان لەسەر بەرقەرارکردنی عەدالەت لە نێوان ژنەکانیدا بۆ باس بکات کە چۆن دەتوانێت هەر شەوە و لای یەکێکان بێت و ئەمەش وەک رەفتارێکی عادیلانەی خۆ پێناسە بکات.
بەڵام چەند لەوبەرەوە هەست بەم لەزەتە سێکسییە کراوە، ناژمێردرێت و ناپێورێت و خاوەنی حەکایەتێک نین. من بەشوین ئەوەوە نیم کە ژنەکانی عەبدوللەتیف ئەم ناڕۆشنییەی چەمکی عەدالەتمان بۆ زیاتر ڕۆشنبکەنەوە. بەڵام گرنگترین جومگەی جەدەلی فرەژنی پیاوان لە ئیسلامدا، توانایی و بەرقەرارکردنی عەدالەتی پیاوە لە نێوان ژنەکانیدا. لە باشترین حالەتیشدا، نیشاندانی ئیمکاناتی ماددی و مەقام و پلەو پایەی پیاو هەمیشە پێوراوە و وەک بەلگە نەویستێک سەرنجی دراوەتێ. واتا ئەوەی چەند مەسرەفییان بکەیت و بەخێویان بکەیت، بەڵام ئەوەی لە سێکسدا ژنان چەند لەم عەدالەتەیان بەردەکەوێت، قسەیەک لە ئارادا نییە.
من ئاواتدەخوازم پیاوێکی ئاینی لە کوردستاندا قووتبێتەوە و بڵێ: ژنان لە پرۆسەی چەند ژنەدا ناکرێ هەست بەعەدالەتی سێکسی بکەن! و هەر لەبەر ئەمەشە دەکرێ کار بەم ئایەتە نەکرێ. واتا لاسەنگبوونی تایەکی تەرازووی عەدالەت بە تەرەفی ژناندا، مامۆستایانی ئاینی بخاتە سەر ئەوەی کە شەقێک لە چەندژنە هەڵبدرێت و کاری پێنەکرێت.
من رەنگە یەکێک لەو ئومێددارانە بم کە پێیوایە دەکرێ مامۆستایەکی ئایینی لە خوتبەی جومعەی ئەم مانگەدا، ئەم فتوایەمان بۆ بدات.
2016/05/15