حەکایەتی دروستکردنی من

pen-447576

 

ئینسان کاتێک لەدەرەوەی وڵات دەژی، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ لە نزیکەوە و ناوە ناوە، سەردانێکی منداڵی خۆی بکاتەوە و کۆمەڵێک حەسرەت هەڵبکێشێ. ئەم سەردانە گەرانەوە نییە بۆ کوردستان، بەلکو ئەگەر ئینسان منداڵی وردی لەگەڵدا بێت و یان مندالەکان لە دەرەوەی وڵات لە دایکبووبن، ئەوا کردەوە و ڕەفتاری ڕۆژانەی مندالەکان هەمیشە دەبێتە ئاوێنەیەکی تایبەتی بۆ ئەوەی ئینسان خۆ تیای ببینێت. بە تایبەت کاتێک دەکەویتە بەراوردی ژیانی خۆ و هەلومەرجی تازەی ژیانی وردیلەکان کە دەکرێ جیاوازیەکی گەورەی هەبێت.

بە بیرم دێ، یەکێک لەو ئاخاوتنانەی من لەگەڵ کچەکەمدا هەمبوو کاتێک لە قۆناغی سەرەتایی بوو لێرە لە سوید، لە پاش گیرکردن لەسەر بابەتێک کە من بۆچوونێکی دیکەم هەبوو لەسەری، کچە ٧ ساڵانەکەم لەبەرانبەرمدا دەوەستێ و بە دەنگێکی بڕیاردەرانەوە پێیمدەڵێ: بە بڕوای من ماتماتیک خۆشترە لە خوێندنی وانەکانی جوگرافیا.

من کە قسەی کچەکەم بیست دەڵێ بە بڕوای من، هەستدەکەم یەک چەکووشی گەورەیان داوە بە تەوقی سەرمدا و کاسبووم.

ئاخر من دانشگایشم تەواو کردبوو لە عێراق، بەڵام دەربڕینی: بە بڕوای من نە بوو بوو بە کولتورێکی زمانەوانیم. نەک بۆ من، بەلکو بۆ زۆرایەتییەکی بەرچاوی کۆمەلگا.

ئەو شەوە زۆر بێتاقەتبووم. شادیش بە جۆرێکی تر.

بێتاقەت بەوەی کە نەوەی من فێرنەکران و نەهێڵرا وەک تاکێکی ئازاد بیرکەینەوە.

شادیش بەوەی کچەکەم لانی کەم بە ڕیگای باوکدا ناڕوات و دەکرێ ئینسانێکی دیکەی لێدەربچێت.

گەورەیی دەربڕینی کچەکەم بۆ دەربڕینی: “بە بڕوای من” لەوەدایە کە ئەگەر ئەم دەربڕینە ببوایەتە کولتورێکی زمانەوانی و پراکتیکی ڕۆژانەی ئینسانەکان، دەکرا شەرەکانی ناوخۆ رووینەدایە. ڕەنگە کەسێک بڵێ: خاڵە زۆرە و کەمێک وەرە خوارتر.

ڕاستییەکەیشی وایە. تۆ دەکرێ بیروبۆچوونێکت هەبێت لەسەر پرسیارێک و منیش یەکێکی دیکە. دەکرێ بروامان بە بۆچوونی یەکدی نەبێ و بەڵام یەکتریمان قبوڵبێت. بە بڕوای من، یانی دەکرێ بروای تۆ نەبێ و دوو بۆچوونی جیاوازمان لەسەر هەمان پرسیار هەبێت. شەڕی ناوخۆ هیچ نییە جگە لە قبووڵکردنی بۆچوونی خۆ و سڕینەوەی بۆچوونی ئەوی دی.

بە بڕوای من، کولتوری دروستکردنی ئینسانی تاک و ئازادە لە زماندا. کە خود بەخود دەبێتە پراکتیکی ڕۆژانەی دروستکردنی ئەم ئینسانە لە کۆمەلگادا.

لە سویدی شەستەکاندا ڕیفۆرمێکی زۆر سەیر هەیە کە پێدەڵێن: ریفۆرمی تۆ.

ئینسان نابێ بە زمانی ئێوە لەگەڵ کەسێکی تاکدا قسە بکات. ئێوە بە کەسێک دەووترێ کە مەقامێکی گەورەتری هەبێت. ئینسانەکان هەموویان یەکسانن و تەنها لە نامە نوووسین بۆ پاشادا، زمانی ئێوە بەکاردەهێنرێت. برواناکەم لە ئیستادا، کەسێک بە پاشای سویدیش بڵێ: ئێوە! بەلام ئەم ریفۆرمە، ئینسان دەکاتەوە بەخۆی و لەناو جەبرەکانی ئێمە و ئەواندا دەریدەهێنێ.

من هەمیشە پێموابووە کە دروستکردنی تاکێکی ئازاد، گەورەترین زەربەیە لە هەناوی ئەو بزووتنەوانەی کە بە زمانی ئێمە دەنگهەڵدەبڕن.

تاکی ئازاد لە ناو ناسیۆنالیزمدا جێینابێتەوە. ئاخر ناسیونالیزم هەمیشە لە سەر ئێمەی میللەتی کورد و عەرەب و فارس قسەدەکات.

تاکی ئازاد لە ناو ئایندا جێینابێتەوە. ئاخر ئاین لەسەر شوناسێکی ئیمەی موسوڵمان و جوولەکە و مەسیحی دەمدەکاتەوە.

لەو شوێنانەی ئایین و ناسیونالیزم بەهێزن، خەبەر لە تاکی ئازاد نییە.

بە کوڕە بچکۆلەکەم دەڵێم: کاممانت زیاتر خۆشدەوێ، من یان دایکت. پرسیارێک کە هەر لە کولتوری پەروەردەی خۆرهەلاتییانەدا دەکرێ جێیبێتەوە. بەڵام ناوە ناوە خۆی دەکا بە زاردا و پرسیارێکی قۆڕی وەک ئەم پرسیارەی منی لێبەرهەم دێت.

بەڵام “ئارۆن”ی بچکۆلە دەمتاسێنێ. ئەو لە وەڵامدا دەڵێ: خۆمم لە هەردووکتان زیاتر خۆشدەوێ.

کەسێک خۆی خۆشبووێت، ناکڕی ببێتە جەنگاوەرێکی گیانلەسەردەست بۆ خاک و نیشتیمان و بۆ ئایین و موقەدەسەکانی دیکە. کەسێک ئەم دێرانە بخوێنێتەوە رەنگە بڵێ ئەم برادەرە کۆمۆنیستە بۆ بووە بە بانگەوازکەری تاکگەراییەکی خۆرئاوایی؟

بەڵام بە بڕوای من، ئەگەر ناسیونالیزم و ئایین لەسەر گروپێک دەژی کە ناوی ئێمەی کورد و ئێمەی موسولمانە و بازارگەرمی سیاسەتی خۆیان لە غیابی تاکێکی ئازاددا دەدۆزنەوە، ئەوا دروستکردنی تاکێکی ئازاد، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەڕە لە ژێر پێی ئەم بزووتنەوانە دەردەهێنێت.

من لەم سووچەوە دەمەوێ بێمە ناو بابەتی ئەم نووسینەوە. ئەویش سەرنجدانێکی خێرایە لەم ناونیشانەی خوارەوە.

جیهان هاشم: كه‌ شووم كرد وازده‌هێنم

بزانە باوەشی ئارینا بۆ كێ پارێزراوترین شوێنی دنیایە

ئیمان فەرمان بە ستایلێكی نوێوە دەرکەت

هەودا بە بڵاوكردنەوەی ئەم وێنەیە هەمووان توشی شۆك دەكات

هێلی لۆڤ بەم شێوەیە دەردەكەوێت

دیاری قەرەداغی و شارا پێكەوە چی دەكەن؟

ئەمە خەروارێکی کەمی سەرنجدانێکی خێرایی نێتی کوردییە کە دەربارەی ژیانی ئەستێرەکانە. نازانم کەسانێک کە لە کوردسات و کەن ئین ئین و بەشێکی زۆری مێدیا حزبییەکان هەواڵ دەخوێننەوە بە چی دەبن بە ئەستێرە کاتێک هەواڵەکانیشیان بۆ نووسیوونەتەوە و میسقاڵە زەڕڕەیەک لە ئامادەکاری پرۆگرام و گەران بەدوای زانیاریدا، کاریاننەکردووە. بەڵام ئەم ناوانە قارەمانەکانی ئینستاگرام و فەیسبووک و شاشەکانن. سەرنجڕاکێش لەگەڵ ئەم هەواڵانەدا ئەوەیە کە زۆرایەتییان کچن و ناوە ناوە رەسمی سەیر و سەرنجراکێش دادەبەزێین کە بۆ کۆمەلگایەکی ژنکوژی وەک کوردستان، بوێرانەیە.

بەر لەوەی ئینسان بێئاگایانە بەربێتە سەروگوێلاکی ئەم سایتانە و دەنگی ناخۆشی زۆرێک لە گۆرانبێژەکان و پۆلیسەکانی ئەخلاقی ناوناخی خۆی بخاتە ئامادەباشییەوە، باشترە ئەو لایەنەی دەرکەوتنی ئەم دەموچاوانە ببینێ کە لە پرۆسەی دروستکردنی تاکی ئازاددا دەکرێ ڕۆڵییان هەبێ.

کاتێک ئەم کچ و کوڕانە بە وێنەیەکی کەمێک سێکسییەوە دەردەکەون و مێدیاکان دەنووسن فلانەکەس بە وێنەیەکی وروژێنەرانەوە دەردەدەکەێ، ئەوا ئەم ناو و جەستانە نمایشی جەستە و شەخسیەتێکی ئازاد دەکەن کە خۆیان بڕیاردەری ناو وجەستەی خۆیانن. لچ و لێوە دەرپەڕیوەکانی کریستال و لۆکە و دەشنی و ئەوانی دی، بەرلەوەی تووڕەیی ئینسان هەڵسێنێت بە هۆی ریعایەتنەکردنی ئەو وێنە ترادیسیۆنییەی کە کورد دەربارەی کوڕ و کچەکانی دەقیپێوەگرتووە، دەکرێ ڕەمزی خاوەنداریبوونی ئینسانی ئێمە بێ بۆ لێو و سمت و چاوی خۆی. بەدەستهێانەوەی ئەوەی کە لە مێژە باوک و براو بنەمالە و نەتەوە مۆنۆپۆڵ و خاوەندارێتییان بەسەرییەوە هەبووە، نەک ئینسان خۆی.

کاتێک ئینسان بووەوە بە خاوەنی لچ و سمت و تەنوورە و پانتۆڵی تەسکی خۆی، ژنکوژی کۆتایی دێ. ئینسان ئاسان ناچیتەوە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەوەی جەللادە محەلییەکانی خۆی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ئەو بکەن لە بەغدا چونکە ئەوانەی دەچنە بەغدا نوێنەرایەتی تۆی کورددەکەن.

بە بڕوای من

خاوەندارێتی بۆ لچ و لێو و ناوی خۆ

سمتدەرپەڕاندن لە ئینستاگرامدا، هەر هەموویان پراکتیکی دروستکردنی تاکێکی ئازادە کە ئاسان ناچیتەوە ژێر رکێفەکانی ئیمەی نەتەوە و ئایین و “ئێمە” گەورەکانی دیکەوە.

20160518

 

 

 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *