دایناسۆر و سەگ و نوێژی جەماعەتی ١٧ی شوبات.

 

 

 

لە دیمەنێکی فیلمی (جوراسیک پارک)دا کاتێک چەند کەسێک لە هاوکارانی پسپۆرەکانی ئەو گرووپەی بە شوین لێکۆڵینەوە لە دایناسۆرەکانی دوورگەکەوەن، دەگەنە هەندێک لە بەچکە دایناسووری ناو دارستان، ئەوا تووشی سەرسوڕمان دەبن کاتێک بەچکەکان کونجکۆڵانە یان فضوڵیانە دێنەپێشێ و لێیان دەڕوانن. یەکێکیان دەڵێ: سەیرە، خۆ لێمان ناترسن! ئەوی دیکەیان لە وەڵامدا دەلێ: با تەزوویەکی کارەبایان لێدەم، ئەوسا دەبینیت چییان لێدێت. دارە کارەباییەکەی دەستی لە بەچکەکان نزیکدەخاتەوە و بەچکەی دایناسوور، هەڵدێ.

هاوکێشەکە سادەیە. بۆچی کۆترەکانی ناو جەرگەی شاری ستۆکهۆڵم لەسەر دەستت دەنیشنەوە و کۆترەکانی سلێمانیش لە ئاستی منارەی مزگەوتی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ نزمتر نافڕن. ئاخر کۆترکانی سلێمانی دارلاستیکی دەستی مناڵ و پەلاماری گەورەکانییان بینیوە و ئەوانەی ستۆکهۆڵمیش، کەسێک پەنجەی لێبەرزنەکردوونەتەوە.

کاتێک هەرەشەیەک لە ئارادا نەبووبێت، پەرچەکردارەکانی ئینسانیش، وەک دەمووچاوە سەوز و جوانەکەی بەچکە دایناسورەکانی ستیڤن سپیلبێرگ لە کونجکۆڵیدا دەدرەوشێتەوە.

دەکەومە ناو شەڕە دراوسێی چەند ماڵێکی قەزازەکانی شاری سلێمانییەوە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. کابرایەک خۆی گیڤدەکاتەوە و دەیەوێ دەست لە ژنی ماڵەکەی ئەو بەر بەرزبکاتەوە. یەکێک لە ریزی تەماشاچیانی وەک مندایە و دەڵێ: چاو چەند بێ ئەدەبە! ئاخر کابرا، سەگیش بە ئافرەت ناوەڕێ، ئێستا تۆ بۆ پەلاماری ئەو زایفەیە دەدەیت. بیرم نایە کەسێک لە وانەی دەوروبەرم پێیوابووبێ کابرای تەنیشت من شتێکی خراپی وتبێ. منیش هەروەها.

ئەم شەر و دەمەقاڵییەی ئەوسام لە یادەوەریمدا خەواندبوو، تا کاتی نووسینی ئەم وتارە. سویدی دەڵێن: ئینسان لە دوای ڕووداوەکانەوە ئاقڵترە. ئەم دەردەش لە منیداوە.

دەربڕێنی کابرای تەنیشتی منی ئەو سالە، پڕە لە سووکایەتیی بەژن.

بە کوردییەکەی: سەگیش بە کەسێک ناوەڕێ کە پێیوایە ترسنۆکە و بەو “ناوەڕێ”، یان خۆی لێگیڤناکاتەوە و بەردێکی پیاناکێشێ. بەوەی کە ژن هیچ کاتێک بەردێکی بە سەگدا نەداوە، یان کولانەسەگی نەداوەتە بەر نێڵەی ئاگر و وەک غەرەی مام کەریم لە گەراجەکەی عوسەی تەمیندا تووتکی نەسوتاندووە، ئەوا سەگیش وەک کۆترەکانی ستۆکهۆڵم مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکات و پێیناوەڕێ.

ئەگەر دیوێکی دەربڕێنی کابرای تەماشاچی قەزازەکان پڕ لە سووکایەتیە بە ژن، ئەوا دیوەکەی تری پڕە لە بەرزکردنەوە و بەرزنرخاندنی ژن لە کۆمەلگای ئێمەدا کە بەراستی ئاژەڵدۆستە. جا وەرە لەسەر ئەم دیدە ئاژەڵدۆستییە مێژووییەی ژنی کورد، بکەویتە بەر پەلامار و “وەڕین”ی پیاوی کورد.

ئەوەی کە ئینسان لە پەندە سویدییەکەیدا عاقلترە لە دوای رودانی ڕووداوەکانەوە، بە ڕاستی نیگایەکی جوانە. هەر بۆیەش من پێمخۆشە، لە تێڕوانین لە زۆر دیاردە و رووداوەکاندا، ئینسان لینسێکی سەوزی زیادە بکاتە چاوی و لینسە سوورەکەی کە هەمیشە دنیای پێدەبینی، بۆ ساتێک داکەنێ. گۆڕینی ئەم پێرسپێکتیڤە یاخود نیگا لە جیهان، پێداویستییەکی هەمیشەییە کە لە زۆر شتمان دەپارێزێت.

هەر بۆیەش کاتێک ئەم لینسە سەوزە لە چاودەکەم و سەیرێکی ١٧ی شوباتی بەردەرکی سەرای سڵێمانی چەند سالێک لەمەوپێش دەکەم، هەستدەکەم، شتێکی تر دەبینم.

سەف و ریزی نوێژکەرانی بەردەرکی سەرای سلێمانی زۆر کەسی نیگەران دەکرد و دەیترسانن کە گوایە ئەم یاخیبوونە جەماوەرییە دەدزن و هەژموونی خۆیان بەسەر ئەم بزووتنەویەدا زاڵدەکەن.

بەشێک لە چەپ دڵنەوای خۆی لەوەدا دەدایەوە کە گوایە سیمبۆڵێکی بزووتنەوەکانی بەهاری عەرەبیە و کاریگەری ئەم مۆدە تازەیەی سەر شەقامی ناڕەزایەتی ئەم زەمەنەیە. ئیسلامییەکان لە نوێژدابەستنی هەزاران کەسییاندا، مانیفێستی هێزی خۆیان دەکرد و دەسەڵاتیش، تۆقینی خۆی لە گەورەیی ریزی نوێژکەراندا دەبینی.

بەلام لە راستیدا، مانیفێستی نوێژی جەماعەتی ئیسلامییەکان و هەوادارانییان لە ١٧ی شوباتدا، بەرلەوەی سیمبوڵی هێز و گەورەیی و توانای ئەم هێزانە بێت، ڕەمزی داماویی و تۆقیویی ئەوان بوو.

ئاخر چۆن سەگ بە ژن ناوەڕێ لە پەندە کوردییەکەدا بەوەی ژنی کورد ناتوانێت ئاژەڵکوژ و ئاژەلئازاردەر بێت، هەر ئاواش دەسەلاتە دیکتاتۆرەکانی خۆرهەڵات ، بە جیا لە تیرۆریزمی ئیسلامی ، نەیانوێراوە و نەیانتوانییوە کۆدە کولتوورییەکانی کۆمەلگا ئیسلامییەکان بشکێنن و هاولاتیانی خۆیان لە کاتی نوێژدا گووللەباران بکەن.

شای ئێران لەگەڵ دڕەندەیی خۆیدا نەیتوانی حەرەمی مزگەوت لە ئێراندا تێکبشکێنێت و خومەینی لە مزگەتەوە خۆی ڕیکخست و چەپیش لە شەقام و ژێرزەمین و کارخانە و ماڵدا قاچاغ بوو.

هەر بۆیەش نوێژدابەستنی هەزاران کەس لە میسر و سلەیمانی و شوێنەکانی دیدا، بەرلەوەی مانیفێستی زلهێزی بزووتنەوەکان بێت، ترس و بیمی ئەم بزووتنەوانە بووە لە خوێنڕێژییەکانی دەسەلات و بەکارهێنانی ئەو کۆدە کولتوورییەی کۆمەلگا ئیسلامییەکان بووە کە دەسەلات ناتوانێ حەیای خۆی بەرێت و موسولمانان لە نوێژدا گوولەبارانبکات.

جا ئەگەر ژن بەسەگ “نەوەڕێ”تەوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆشە نیگایەی کە لەسەرەوە پێشکەشمکرد، دەکرێ نوێژدابەستنی هاولاتیان لە ژێردەستی بزووتنەوە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکاندا، ئاماژەی تۆقین و ترساوی ئەوان بێت لە دەسەلات. ئاخر ئەگەر دەسەلات دڕندەیش بێت، نەیویستووە و ناتوانێ لە نوێژدا هاولاتییان بداتە بەردەسترێژی گوللە.

بریا لە کاتی ١٧ی شوباتدا عەقلم هێندە ئێستا بخستایەتە گەڕ و کەمێک هاولاتی و جەماوەری ناڕازیم ئاگاداربکردایەتەوە : ئەم نوێژدابەستنە دادمان نادات و

خەلکینە پەلامارێ!

2016-06-02

 

 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *