تەنیا لە ناو قەلەباڵغی ژینا

بۆ ئیسماعیلی سابووری

باوکم ڕادیۆی دادەگیرساند
لەسەر بەرەکەی ڕادەکشا و
سەر لەسەری پشتییە باگردێنەکەی خۆی، چاو لە ئاسمان
دەنگی ڕادیۆی چەند پێچێک زیاتر بادەدا
ئیتر سابووری دەهات و بە ئاوازی
“چیتە لەسەرچی کەوتووی بە قینا
تەنیا جێت هیشتووم لە چۆڵی ژینا” ، دەستی دەگرت و دوور دەیبرد
لەوسەرەوە، لە چۆلاییەکانی ژینەوە، وەختێک سابووری جێیدەهێشت
دەگەڕایەوە ناو ماڵ و لای پشتییەکەی
بێدەنگ دەیووت: چ گەڕانێکی سیحراویی و چ هاوەڵێکی چۆڵی ژین.
باوکم دەیووت: خۆزگە جارێ بمدیبایە
هەر بۆ جارێ, پیاسەیەکی ڕاستەقینەی چۆلاییەکانی ناو شارمان بکردایە.

دوێنێ وەختێ ڕادیۆکەی باوکم دەرهێنا، چەند پیلێکی تازەم تێخست
کە دووگمەی رادیۆکەم بادا
سابووری دوا گەرانی خۆی بە چۆلاییەکانی ژیاندا
لە ناو شاردا ئەنجامدابوو
سەیر ئەوەیە ، ئەم پیاوە گەلێ ماڵ چووبوو
لە قەلەباڵغییەکانی ناو شار و چۆلاییەکانی ژیاندا دەهات ، دەچوو
ئاخر باوکیشم نەمابوو لە هاورێیەتییەکی خەیالدا لەگەڵیا بێ
بۆیە کە ڕۆی، بەبێ دەنگ چوو.

بەکر ئەحمەد
2019-06-24

 

 

Check Also

دەنگێک

شیعری: یوهانێس ئەنیۆرۆ لە رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدەوە وەرگێرانی بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد ئەوان لە دایکییان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *