کۆمینتێك لەژێر وێنەکەی کاکمەوە

بەکر ئەحمەد:
ماڵی ژمارە ١٤ی سەرجادەی کەریمی عەلەکە و وێنەی “عولە”ی برام لەبەردەمیدا، دەبێتە دووبارە زیندووکردنەوەی کۆمەڵێك نوستالژیا و گەڕانەوە بۆ زەمەنێك کە لەمڕۆدا دەبێت بە لایت بە دوایدا بگەڕێی. نەك تەنها بۆ “عولە” ی برا بچکۆلەم، بەڵکو بۆ ئەو ژمارە زۆرەی کە بە لایك و کۆمینتەکانیان خۆیان لە گێرانەوەکەی ئەودا دەبینن. جا ئەگەر پێشینەی “گاوران”ی بوون و “ساوبوونکەران”ی بوونی هەندێك لە ئینسانەکانیش بخرێتە لاوە، ئەوە ئیتر هەستێکی دیکەی ژیانە سادەکەی چەند دەیەیەك پێش ئێستا و ونبونی زۆرێك لە جومگە جوانەکانی ئەو سەردەمە لەمرۆدا، ئەم خانووە و گێرانەوەکەی عولە دەکاتە ئاوێنەیەکی سەرسامبوون بە زەمەنێك کە لە ئێستادا خەونێکە.
بە جیا لە تێکستەکەی کاکم، وێنەکەیش خۆی شتێــــك دەڵێ کە لە گێرانەوەکەی عومەر گەورەترە. ماڵێکی گڵ کە لە سێ لاوە دەستخراوەتە بینی و تا ئاستی خنکاندن تەنگی پێهەڵچنراوە. کەچی ئەو نەك هەر جوڵەی بۆ ناکات، بەڵکو مێش مێوانی نییە. ئەگەر هەمان کردار لەگەڵ ئینساندا بکرێت و چواردەووری بتەنن و تەنگی پێهەڵچنن، ئینسان تووشی هیستیریا و دڵەڕاوکەیەکی سەیر دەبێت. بەڵام سەوزەخانوو لەوە ناچێ نیگەران بێت. ئەم ئارامییە لە رووخساری ئینساندا لە کاتی تەنگپێهەڵچنیندا، گێڕەرەوەی ئەوەیە کە کەسەکە متمانەیەکی گەورەی بەخۆی هەیە. ئەم خانووەش پڕە لە متمانەبەخۆبوون.

کاکم لەبەردەمی سەوزەخانوودا وەستاوە و کۆمێنتەکەی من بۆ وێنەکەی ئەو لەبەردەم ماڵی ژمارە ١٤ دا، دەکەوێتە دەرەوەی وێنەکە. بەڵام وەك وەفایەکی برایانە، حەزدەکەم بەشێك لە دیمەنەکانی ئەو دیوی وێنەکە ببینێت. دڵنیام کە رەنگە لە زۆر جومگەی گەورەبوونی تەمەنی ئەودا نەمتوانیبێ بەو جۆرە ئامادە بم کە دەبوایە برای گەورە ڕۆڵی ببینیایە، بۆیە تێکستەی من، داوای لێبووردنێکی ئاشکرایانەیە بۆ ئەو.
عولەی برام:
ئەو ڕۆژەی لەدایك بوویت، باوکم، ئەحەسووری بانگبێژ، چایچی، خشتبڕ، گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژەفرۆش، لەو ڕۆژگارانەدا لە دائیرەی ئیسلاحی زەراعی کە لای تەنقیحەکەی سلیمانییەوە بوو، کاری دەکرد. من تەمەنم ٧ ساڵان بوو و بەناو ڕارەوەکانی ئەم دائیرە گەورەیەدا، بەشوین هێنانەوەی پیاڵە و قاپی ماستاوەوە بووم.
ئەو ساتەی هەواڵی لەدایکبوونی تۆی پێدرا، چایخانەکە جمەی دەهات.
من ئێستاش ئەو ساتەم لەبیرناچێت کاتێك “ئاسۆ”ی ناسری حەمە هەورامی، کوری پوورم، بە ‌هەڵەداوان خۆی کرد بە ژووری چایخانەکەدا. هات وهاواری “حەمەزەرد” و “جەمالی سایەق”، شاتەشاتی فەراشەکان لەگەڵ یەکیتر و گلەیی و گازندەی بەشێکی زۆری ئەو موراجیعانەی کە کارەکانییان جێبەجینەکرا بوو، کەشێکی وای خوڵقاند بوو کە بەشەر نەیدەزانی ئاسۆ لە ناو ئەو حەشاماتەدا دەڵێ چی!. بەڵام سەیرەکە لەوەدا بوو کە ئەگەر یەك عەبدەلبەشەریش لە ژووری چایخانەکەدا نەبوایە، کەس نەبوو بزانێ ئاسۆی داماو دەڵێ چی. ئەو بەدبەختە کاتێك مەئمووریەتەکەیان پێدابوو کە ئەم هەواڵە بە باوکم بگەێنێ کە پوورە “خاوەر”ی کوڕی بووە، بە جوتێ پێلاوی تاکە و تاکەوە، لە ماوەییەکی زۆر کورتدا، لە قەزازەکانەوە خۆی کردبوو بە ئەسحابەسپیدا، لەوێـــوە لەو جەنجاڵییەی قەیسەری نەقیبەوە بەناو گەراجی سەعە تاکۆییدا و قاڵدرمە درێژەکانی دائیرەی ئیسلاحەوە بۆ ناو ژووری چایخانەکە.
ئاسۆ تف لە قورگیدا نەمابوو.
تا باوکم نەیقیڕان: ئەرێ کەمێ بێدەنگی! با بزانم ئەم کوڕە دەڵێ چی؟
ئاسۆ بە هەزار نقە نق و هەڵەداوان وتی: کوڕتان بووە.
بەسەری باوکم چیم خواردووە و خواردوەتەوە کەوتە سەر ئەحەی چایچی. “حەمەزەرد” وایوت! ئەوانی تریش بەدوایدا. پاداشتی ئاسۆیش، ڕۆیشتن بوو بۆ لای وەستا ڕەفیقی کەبابچی لەسەر جادەی مەولەوی بۆ ئەوەی یەك لەفەی دوو کەبابی لووش بدات.
باوکم چایخانەکەی بەسەر شیخ بەکردا جێهێشتوو و منیش بەدوایدا.
من لە ئاسۆ خراپتر. قەیتانی پێلاوەکانم بەتەل تووندکرابوو. یەکێکیان بە تەلی مس و ئەوی تریان بە وایەری کارەبا. لە کۆلانەکەی ماڵی “وشەی ڕابە”وە خۆمان کردا بە شەقامی کەریمی عەلەکەدا. کە گەیشتینە نزیك دووکانەکی “حاجی سەعید”، دەستی باوکم ڕاوەشاند و وتم: بابە ئاسۆ کەبابی خوارد، ئەی پاداشتی من چیە؟
باوکم کۆمەڵێك وردەی کردە دەسـتمەوە و ئەو بەرەو ماڵ و منیش دوای ئەو بە لوولەیەك “گوو مشك” و دوو تۆپ گەنمەشامی سوور و گەسێکی درێژەوە کە ئاوی لە بەدەنی ئینساندا نەدەهێشت، خۆم لە ناو حیلکە و شادی دایکم و زارای مام کەریم و سدیقەی حەمە عەلی و جا کێی لێ نەبوو، ونکرد و نەمدەزانی بۆ هێندە دڵخۆشم.
عولەی برام!
هەر زۆر جوان بوویت. ئێوارەیەکی زەردەپەڕی گاوران، کاتێک “ئەخە” و ” گەلە”ی حەمە گەوورە تۆیان لە باوەشی خۆیاندا دانابوو لەبەردەرگا، قەتارەی ئەسپ و بارە کەرەکانی قەرەجەکان کە بە هەورازەکەی بەر ماڵی مام تەهادا سەردەکەوتن و بڕیار بوو لەسەر ئاشەکەی گاوران و گۆرەپانە فراوانەکی ئەوبەر ماڵی”عوسە جەریدە”وە بارگەیان لێكبنێنن. پیاوێکی ڕەشئەسمەرییان “ئێ قابیلە قەرەج چاوشین بێت”، بە خۆی و چەند دەبەیەکەوە هاتبووە لای ئەخە و گەلە تا ئاو بەرێت. کە کابرای قەرەج چاوی بە تۆ کەوتبوو، بە قسەی ئەختەر، وەك ئەوەی تێگەیشتبوو، دەبەکانی لەدەست بەربووبوونەوە و وتبووی: ئەرێ ڕۆڵە عەقڵتان لە کوێیە؟
بۆ ئەو منداڵەتان ئاوا خستۆتە بەردەمی ئەو جنۆکە بێ دینانە. ئەگەر ئەم شەو نەیفڕێنن، ئەوا تا عومری ئەم منداڵە مابێ، دەبێ دەنگی شەقشەقە لە مێشکیدا بێت.
من دڵنیام کە نەك ئەو شەوە و شەوانی دواتر، جنۆکە نەیڕفاندی، بەڵام ئەو ژاوە ژاوە و شەقە شەقەی جنۆکەکان لە مێشکیان نایت، هەم من و هەمیش بەشێك لە مندالانی گەڕەك دەیان بیست.
دوای ئەو ئێوارەیە، بە جیا لەو هەموو موفەڕك و نووشتە و کوژەکە شینەی بە گودیلەکەتا شۆڕکرانەوە، دایکم دڵی ئاوی نەدەخواردەوە و منی کردبوو بە هەواڵنێری ئەوەی کەی شێخ و دەروێشەکانی ماڵی “خەلیفە سەعید” دێن و زکری خۆیان دەست پێدەکەن. ئەگەر کارامەیی و لێهاتووی “برایمی حاجی ئەولکەریمی گوننیەچی” نەبوایە کە مەترو نیوێك قوماشی سەوزی دابوو بە شێخ تا ئایەتی بەسەردا بخوێنێ، دایکم دڵی ئاوی نەدەخواردەوە و ژمارەی نوشتە و موفەرکەکانی گودیلەی لای چەپ، ئاوا قەرەباڵغ نەدەبوو.
عولەی برام!
ماوەیەکی زۆر شەوان هەر دەگریایت. گومانی ئەوەی کە دەکرێ جنۆکەکان دەستییان لێوەشاندبیت و شەقەشەقی ناو کەللـەت وەرەست کات، ئارامیت لەو ژوورە بچکۆلەی مالی گوڵبەهاردا نەهێشتبوو. تەنانەت “مامەوەیس”ی نابینایش کە هاوسەری گولبەهار بوو بە قسەی “حامیدی تەماتە”، مێروولەیەکی بۆ ئەزیەت نەدەدرا و هەستت نەدەکرد کە هەیە، بە دایکمی وتبوو: خاوەر ئەو منداڵە بی سەبەب ناگری. بەلام بە قودرەتی قادر، شەودرەنگانێك بەر نووستن، کاتێك گلۆپە سفرە سوورەکەی پێش نووستن داگیرسێنرا، هاوارێکت لێ بەرزبوویەوە هەموو ترساین. بەلام سەیرەکە لەوەدا بوو دەستت بۆ فەرشە حەسیرییەکەی کە وێنەی “عەبدولکەریم قاسم”ی لەسەر چاپکرا بوو درێژدەکرد.
لە دوای ئەو شەوەوە، باوکم شووشەیەك مەرەکەبی شینی کڕی و کردی بە دەم و قەپۆزی قاسمدا. لە بەدبەختییەکەی تۆدا، رووخسارەکەی قاسم هێندەی دی تۆقێنەر تر و تۆختر دەینواند. تا ناچاربووین لە کۆدەتایەکی بیدەنگدا، لەسەر دیواری ژوورەکە بیهێنینە خوارەوە و بۆ جارێکی دیکە بکوژرێتەوە.
کە دایکمان مرد. ئەو کات ئێمە گواستبوومانەوە بۆ ماڵی “حاجی سەعید”. جارێکییان گوڵبەهار گرتمی و وەك سەرەخۆشیدانەوەیەك وتی: ترسی ئەوەی کە ئێوە هیچتان لێ نەیەت و خەونە ناخۆشەکانی کە بەهۆی نەخۆشیەوە، خەوی لەچاو زڕاندبوو، وای لەدایکتان دەکرد، کەمن خۆم سەد جار بینیوومە لەبەردەم بەلۆعەکەدا دادەنیشت و خەونەکانی دەدا بەدەم ئاوی بەلۆعەکەوە. کوڕەکەم ئێستا کاتێك ئەو نەماوە تا بەڵاتان لێ دوورخاتەوە، ئاگاداری براکەت بە! ئەوە تۆ خۆت دەزانی کەمن چەند ئاگاداری تۆ بووم؟
عولەی برام!
ڕۆژی دوومی لەدایك بوونت، ساڵحە کوردە بە شەلەشەل لە کۆلاندا دەنگی لێ هەڵبڕی بوو.. هێلکەی کاڵ هێلکە! کە باوکم ئەختەری ناردبوو چەند هێلکەیەك بکرێ تا بەرچاییەکی دەوڵەمەندانە بخۆین. ساڵحە کوردە پارەکەی وەرنەگرتبوو، وتبووی: دیاری منە بۆ منداڵە چاوشینەکەی ئەحەسوور.
عولەی برام!
حەفتەی یەکەمی دوای لەدایك بوونت، چەند جارێك باوکم لە مزگەوتی تەکیە ڕووتەوە بانگی دا. ئەو هەوەس و شادییەی بە هۆی لەدایکبوونی تۆوە لەودا سەوز بوو بوو، بە زەقی لە شێوازی بانگوتنەکەیەوە دەبیسترا. من خۆشم بۆم سەیرە. بانگدانەکەی باوکم هێندە لە مەقامێکی خۆش دەچوو، کەمتر لەو جۆرە بانگانە بوو کە لە زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانییەوە دەبیسترا. “مامە سەیفوڵلا” کە بە قسەی خەڵکانی ئەو رۆژگارەی گەڕەك پیاوێکی ئەرمەنی بووە و بووە بە موسوڵمان، پەیوەندییەکی سەیری لەگەڵ بانگداندا هەبوو. هەتا بڵێی بانگخوێنێکی ناوازە بوو. ئەو دەیووت: “ئەحە، با بانگدانەکانمان بەش بکەین! بە خوا وا بڕوات کەس گوێ لەمن ناگرێت”!.
گوڵبەهار دەیووت: ئەو ئێوارانەی دەمانزانی باوکت بانگ دەدا، وەیسەی مێردم، چارەکێك پێش بانگی ئێواران، لەبەردەمی ماڵەکەدا بە چیچکانەوە دادەنیشت و چاوەڕوانی بانگی ئێوارە بوو.
عولەی برام!
کاتێک وێنەی ماڵەکەی گوڵبەهار و مامەوەیسە دەبینم کە هێشتاش پشتی نەچەماوەتەوە و ڕۆشنایی لەچاویدا ماوە، حەزدەکەم بچمە ناو وێنەکەوە و بۆ ساتێك تیادا دانیشم. حەزدەکەم هەست بکەم، وەختی بانگی ئێوارانە. گوڵبەهار دەستی مامەویسەی گرتووە و دەیهێنێتە بەر دەرگا. ئای چەند تامەزرۆی بیستنی بانگی موحەمەدەل موستەفام لە مزگەوتەکەی تەکیە ڕووتەوە. گرنگ نییە، باوکم دەیخوێنێ یان مامە سەیفوڵلا.

Check Also

دەنگێک

شیعری: یوهانێس ئەنیۆرۆ لە رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدەوە وەرگێرانی بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد ئەوان لە دایکییان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *